"ململانێى ناسنامە و نوێنەرایەتی"؛ لە نەینەوا ململانێی كورد لەسەر به‌ده‌ستهێنانى دەنگی پێکهاتەکان گەرمە

٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١٢:٥٧ پاش نیوەڕۆ

"ململانێى ناسنامە و نوێنەرایەتی"؛ لە نەینەوا ململانێی كورد لەسەر به‌ده‌ستهێنانى دەنگی پێکهاتەکان گەرمە

په‌نجه‌ره‌

ململانێی سیاسی لە پارێزگای فرەپێکهاتەی نەینەوا گەیشتووەتە ئاستێکی نوێ و ئاڵۆزتر، کە تێیدا لایەنە کوردییەکان نەک تەنها لەگەڵ یەکتر، بەڵکو لەگەڵ چەندین هێزی سیاسی و چەکداریی دیکەدا کەوتوونەتە کێبڕکێیەکی توندەوە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی پێکهاتە جیاوازەکانی وەک شەبەک، مەسیحی و ئێزدی.


ململانێ لەسەر دەنگی شەبەک: کێبڕکێی ناسنامە و دەسەڵات

لە بەرەیەکی گرنگی ئەم ململانێیەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ڕاکێشانی دەنگی کوردانی شەبەک. بەڵام ئەم هەوڵەیان ڕووبەڕووی بەربەستێکی گەورە بووەتەوە کە لەلایەن "لیوای ٣٠ـی حەشدی شەعبی"یەوە دروست کراوە.

ئەم هێزە کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە تایبەت بۆ پێکهاتەی شەبەک دامەزراوە، لەژێر فەرماندەیی سەباح سالم شەبەکی کار دەکات و دەسەڵاتێکی فراوانی لە ناوچەکانیاندا هەیە. لیوای ٣٠ تەنها وەک ڕکابەرێکی سیاسی دەرنەکەوتووە، بەڵکو کار لەسەر گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی شەبەکیش دەکات و بە ئاشکرا ڕەتی دەکەنەوە کە شەبەکەکان کورد بن، ئەمەش ململانێکەی لە ڕکابەرییەکی سیاسییەوە گۆڕیوە بۆ کێشەیەکی قووڵتری پەیوەست بە ناسنامەوە.


کێبڕکێ لەسەر دەنگی مەسیحییەکان

لە میحوەرێکی دیکەدا، لایەنە کوردییەکان، بەتایبەت لە ناوچەی حەمدانیە، کار بۆ بەدەستهێنانی دەنگی مەسیحییەکان دەکەن. لێرەشدا ڕووبەڕووی هێزێکی دیکەی سەر بە حەشدی شەعبی دەبنەوە کە "لیواکانی بابلیۆن"ـە و لەلایەن ڕەیان کلدانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

کلدانی، کە کەسایەتییەکی دیاری نزیک لە "چوارچێوەی هەماهەنگی" شیعەیە، هێزەکەی کردووەتە بەشێک لە بەرەی سیاسیی شیعە و بەردەوام دژایەتیی سیاسەتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات

 هەرچەندە پێشبینی دەکرێت "بابلیۆن" زۆرینەی دەنگی مەسیحییەکان بەدەست بهێنێت، بەڵام دانانی کاندیدی مەسیحی لەلایەن لایەنە کوردییەکانەوە، چانسی ئەوەی پێداون کە بتوانن بەشێک لەو دەنگانە بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.


هاوکێشەی ئێزدییەکان لە شەنگال: سێ لیست و کێبڕکێیەکی گەرم

بەپێی زانیارییەکانی سەگڤان شەنگالی، چالاکوانی مەدەنی لە قەزای شەنگال كه‌ بۆ په‌نجه‌ره‌ قسه‌ى كرد، گۆڕەپانی سیاسیی شەنگال شاهیدی کێبڕکێی سێ لیستی سەرەکییە: لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ‌"خەڵکی نەینەوا‌")، لەگەڵ لیستێکی نوێی خۆجێیی بەناوی "دۆزی ئێزدی" کە نزیکەی ٣٠ کاندیدی هەیە و سەرجەمیان خەڵکی شەنگالن.

شەنگالی ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای دۆخی ناوچەکە، "پارتی هێشتا پێگەیەکی بەهێزی لە شەنگالدا هەیە،" بەڵام لە هەمان کاتدا پێی وایە "لیستە نوێیەکەش بەهۆی زۆریی ژمارەی کاندیدەکانیەوە، ئەگەری بەدەستهێنانی دەنگی باشی هەیە."

ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە کێبڕکێی بەدەستهێنانی دەنگی ئێزدییەکانیش هیچی کەمتر نییە لە ململانێکانی سەر دەنگی شەبەک و مەسیحییەکان.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو