"بازرگانیی سیاسی یان گۆڕینی بیروباوەڕ؟" لە هەڵبژاردنەکاندا سەنگەرگۆڕین پەرە دەسێنێت
٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١:٥٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنەکان لە عێراقدا، دیاردەیەکی ناسراو جارێکی تر سەرهەڵدەداتەوە کە ئەویش سەنگەرگۆڕینەوەی کادیران لە نێوان حزبە سیاسییەکاندا، چاودێرێکیش پرسەکە بە "بازرگانیی سیاسیی" ناودەبات.
سەنگەرگۆڕین، بریتییە لە دۆخێک تیایدا کادیرێک یان ژمارەیەکی بەرچاو لە کادیران بڕیاری جێهێشتنی حزبە دێرینەکانیان و پەیوەندیکردن بە لایەنێکی ترەوە دەدەن. ئەم دیاردەیە لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا زیاتر پەرە دەسێنێت.
شوان داودی، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ پەنجەرە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم دیاردەیە "جۆرێکە لە بازرگانی و پەیوەندی بە سیاسەت و حزبەوە نییە."
بە بڕوای داودی، هەندێک کەس هەن کە "ئەم حزبانە دەناسن و فێری ئەم بازرگانییە هەرزانە بوون."
داودی دەپرسێت: "چۆن خەڵک هەیە 40 ساڵە کادیری حزبێکە، کەچی لە شەو و ڕۆژێکدا بڕیار دەدات حزبەکەی بەجێبهێڵێت؟"
ئەم گۆڕانکارییە خێرایە، وەک ئەو ئاماژەی پێدەدات، نیشانەی ئەوەیە کە "ئەمە بیروباوەڕی لە پشتەوە نییە و بازرگانی کردنە."
هەروەها ئاشکرای دەکات کە چەندەها کەس هەن کە "لە ماوەی چوار هەڵبژاردندا چوار حزبیان گۆڕیووە."
جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە کە ئەم کەسانە "حزبەکان دەناسن و دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ سوود وەرگرتن لێیان."
دیاردەی سەنگەرگۆڕین وا دەکات پرسیاری جددی لەسەر بنەماکانی پابەندبوونی حزبی و بەها سیاسییەکان لە نێو گۆڕەپانی سیاسەتی عێراقدا دروست بێت، لە کاتێکدا چاودێران کارەکە بە "بازرگانی سیاسی" ناوی دەبەن.