وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ و پارێزەری لاهور شێخ جەنگی: چارەنووسی هەموو دەستگیرکراوانی لالەزار ئاشکرا بووە

٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١:٣٥ پاش نیوەڕۆ

وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ و پارێزەری لاهور شێخ جەنگی: چارەنووسی هەموو دەستگیرکراوانی لالەزار ئاشکرا بووە

پەنجەرە

وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و پارێزەری لاهور شێخ جەنگی ئاماژە بەوەدەکەن، هیچ سکاڵایەکی کەسوکاری دەستگیرکراوەکانی لالەزاریان لا نەماوە بەوەی چارەنوسی رۆڵەکانیان نادیار مابێتەوە.

بورهان رەشید، پارێزەری لاهور شێخ جەنگی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هیچ خێزانێک سەردانی نەکردووین کوڕەکەی لە ڕووداوەکەی لالەزاردا چارەنوسی نادیار بێت و تائێستا شوێنبزر بێت.

لایخۆشیەوە سلێمان موحسین، وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: لەئێستادا هیچ سکاڵایەک لای دەستە نەماوە کە لەلایەن کەسوکاری دەستگیرکراوەکانی لالەزارەوە تۆمار کرابێت و منداڵیان چارەنوسی نادیار بێت.

وتیشی: هەر خێزانێک لە ڕووداوەکەی لالەزاردا منداڵی بێ سەروشوێنە، با سەردانمان بکات. 

دوای مانەوەی تەرمەکەی بۆ ماوەی دوو مانگ و نیو لە پزیشکی دادی سلێمانی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تەرمی رێکار پیرئۆمەری، ڕادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە کە لەڕووداوەکەی لالەزاردا بووە قوربانی.

سلێمان موحسین، دەڵێت: کاتێک لە گرتوخانە سەردانی لاهور شێخ جەنگیمان کرد، لەگەڵ دەزگای ئاسایشیش دانیشتین، پێیانوتین تەرمێکی سوتاو لە پزیشکی دادە، بەڵام زانیاری ئەوەمان پێنەدرا تەرمەکە هی رێکار پیرئۆمەری بێت.

دەشڵێت: هەموو ئەوانەی سکاڵایان تۆمارکردبوو باوکی رێکاریش یەکێک بوو لەوانە، بەدواداچوونمان بۆ دۆسیەکانیان کرد و دەستە توانی ببێتە رایەڵەیەک لەنێوان دەستگیرکراوەکان و کەسوکارەکانیاندا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو