پارتى و یه‌كێتى له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان؛ بانگەشەی شه‌ڕى خاک و شه‌ریكایه‌تى له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كان

٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٦:٣٠ پاش نیوەڕۆ

پارتى و یه‌كێتى له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان؛ بانگەشەی شه‌ڕى خاک و شه‌ریكایه‌تى له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كان

په‌نجه‌ره‌

لەڕابردوودا لایەنە عێراقی و کوردییەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد گوایە شەڕی ساغ کردنەوەی ناسنامەی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکەن، بەڵام لەئێستادا شەریکایەتی کورسی له‌گه‌ڵ لایەنە عه‌ره‌بییه‌كان ده‌كه‌ن.

ناوچە کێشە لەسەرەکان، هەرچەندە یەکلایی کردنەوەی چارەنوسیان بەستراوەتەوە بە ماددەی 140ـى دەستوری عێراقەوە، بەڵام لایەنە کوردییەکان بە ناوچەی کوردستانی و لایەنە عەرەبییەکانیش بە ناوچەی عێراقی ناویان دەبەن.

 شەڕ لەسەر ناسنامەی ئەو ناوچانە لە ماوەی 24 ساڵی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دا، ڕووبەڕێکی فراوانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەرێمی داگیرکردووە، بەڵام هەڵبژاردن و شەریکایەتی کورسی هەموو هاوکێشەکانی پێچەوانە کردەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین، لەچوارچێوەی لیستی عەزم ی موسەنا سامەرائیدا بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کردووە، لەکاتێکدا ئەو لیستە لیستی عەرەبی سونەیە و کوردستانی بونی ئەو ناوچانە ڕەتدەکاتەوە.

هەروەها یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە پارێزگای سەڵاحەدین لەچوارچێوەی لیستی "جەماهیری" عەرەبی سونە و لە پارێزگای موسڵیش لەچوارچێوەی هاوپەیمانی "خەڵکی نەینەوا" چووەتە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە.

ئەگەر پارتی و یەکێتی نەتوانن لەو ناوچانە و لەچوارچێوەی لیستە عەرەبییەکان دا کورسی مسۆگەر بکەن، ئەوا دەنگی هەزاران کوردی ناوچە کێشە لەسەرەکان لەسەر  سینییه‌كى ئامادە پێشکەش بەو لایەنانە دەکەن.

ئەوەی جێی سەرنجه‌ ئەوەیە، پارتی و یەکێتی لەناوچە کێشە لەسەرەکان کە بانگەشەی کوردستانی بوونیان دەکەن، ئامادە نین لیستی هاوبەش دروست بکەن، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا لەگەڵ ئەو لایەنە عەرەبییانە ڕێککەوتوون کە بە نەیاریان دەزانن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو