سەفقەی سیاسی و مامەڵەی ژێر بەژێر بووە بە مۆتەکەی کاندیدەکان
٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٢:٣٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەنها ترسی لای حزب و لایەنەکان دروست نەکردووە، بەڵکو لە ئێستادا کاندیدەکان لە دۆخێکی خراپی دەروونیدان و زۆربەیان ترسیان هەیە بکرێنە قوربانی سەفقەی سیاسی و ڕێککەوتنی ژێر بەژێر.
پەنجەرە قسەی لەگەڵ ژمارەیەک کاندیدی حزب و لایەنە کوردی و عێراقییەکان کرد، زۆربەیان ترسیان هەیە لەوەی دەنگ بهێنن و بکرێنە قوربانی مامەڵەی سیاسی ژێر بەژێر.
ئەو کاندیدانەی پەنجەرە قسەی لەگەڵ کردن، وەکخۆیان ئاماژەیان پێکرد لەڕووی پێگەی جەماوەرییەوە گرفتیان نییە، بەڵام گەورەترین گرفتیان ئەوەیە لەناو حزبەکانیاندا مامەڵەی ژێر بە ژێر دروست ببێت و کاندیدی پاڵپشتدار بخرێتە جیگەکانیان.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، لە ئێستادا بەشێکی زۆر لە کاندیدی حزب و لایەنەکان لەهەوڵی ئەوەدان خۆیان بگەیەننە سەرووی حزبەکانیان، بۆ ئەوەی دڵنیایی وەربگرن و لەئەگەری دەنگهێنانیاندا نەکرێنە قوربانی مامەڵەی ژێر بە ژێر.