یەکێتی: بە ئۆتۆمبیلی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان فلێکسەکانمان لێدەکرێنەوە
٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٩:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەرپرسێکی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات کە بە بەڵگەوە لایانە بە ئۆتۆمبیلی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و حکومەت، فلێکسی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەکەیان لێدەکرێتەوە و دەدڕێنرێت.
محەمەد دووشیوانی، سەرپەرشتیاری بازنەی هەڵبژاردنی دهۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە پەنجەرەی وت: بە بەڵگەوە وێنە و ژمارەی ئەو ئۆتۆمبیلانەمان لایە کە فلێکسەکانمان لێدەکەنەوە و دەدڕێنن، تیایاندایە ئۆتۆمبیلی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و شارەوانییە.
پێشتر ئەو بەرپرسە بە پەنجەرەی وتبوو، کە ئەوان بەشەوان ژمارەیەکی زۆر فلێکس بەناو شاری دهۆکدا بڵاودەکەنەوە، کەچی بۆ سبەینێ هەمووی لێدەکرێتەوە، لە ئاماژەیەکی تۆمەتبارکردنانە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان.