یەکێتی لێکۆڵینەوە لەسەر دەنگۆی "دەنگ کڕین" دەستپێدەکات و چەند تیمێک دەستگیر دەکات
١٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١٢:٣٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ئەوەی لەلایەن کاندیدانی یەکێتییەوە ناڕەزایەتی دەربڕدرا بەرامبەر بەخشینەوەی پارە لە دەنگدانی تایبەتدا، سەرۆکی لیستەکەش لە سلێمانی بەهەمان هۆکار هەڕەشەی کشانەوەی کردووە، لەبەرامبەردا یەکێتییش لێپێچینەوەی دەستپێکردووە.
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەیان ڕاگەیاند: لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دوێنێ لەکاتی دەنگدانی تایبەتدا لەلایەن هەندێک کاندیدەوە پارەیەکی زۆر بەخشراوە، ئەمەش کاندیدانی دیکەی یەکێتی و سەرۆکی لیستەکەی نیگەران کردووە.
سەرچاوەکان دەڵێن: کاندیدەکان ڕەخنەی خۆیان لەوبارەوە گەیاندووەتە سەرکردایەتی حزبەکەیان، هاوکات سەرۆکی لیستەکەش هەڕەشەی کشانەوەی کردووە.
بەوتەی سەرچاوەکان، دوای ئەم پێشهاتانە، چەند تیمێکی بانگەشە کە گومان دەکرێت پارە ببەخشنەوە، لەلایەن یەکێتییەوە دەستبەسەر کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
هەر دوێنێش گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبوویەوە کە کەسێک پارە بەو کەسانە دەدات کە دەنگیان داوە و واباسکراوە کە ئەمە "دەنگ کڕین" بێت.