"دۆخەکە بە دڵی شیعەکانە"؛ لەدایکبوونی حکومەتی نوێی عێراق ئاسان نابێت
١٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٣:٢٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی سیاسی باس لەوەدەکات لەدایکبوونی حکومەتی نوێی عێراق پرۆسەیەکی ئاسان نابێت و دۆخەکەش بە دڵی لایەنە شیعەکان دەبێت.
ئەو سەرچاوەیە لە بەغداوە بە پەنجەرەی وت: پێکهێنانی کابینەی حکومەتی نوێی عێراقی ئاسان نابێت، بەوپێیەی لایەنەکان هێندە کورسییان نابێت کە بتوانن بە ئاسانی کابینەکە پێکبێنن، لەگەڵ ئەوەشدا ناکۆکی زۆر هەیە لەنێوان لایەنەکانی ناو خودی پێکهاتەکان و "هەریەکە و بەشە کێکی خۆی دەوێت."
سەرچاوەکە پێشبینیکرد کە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت زیاتر لە 6 مانگ بخایەنێت، لەو ماوەیەشدا هەڵبژاردنی تازەکردنەوەی نیوەیی ناوخۆی ئەمەریکا دەستپێدەکات کە ئیدارەی ترەمپ پێوەی سەرقاڵ دەبن بەوپێیەی تاقیکردنەوەیەکی گرنگ دەبێت بۆ ئەوان.
وتیشی: ئەمەش بە دڵی لایەنە شیعییەکان دەبێت و قوتاریان دەکات لە فشاری ڕاستەوخۆی ئەمەریکا و کارکردن بۆ ئەوەی خواستیان لە کابینەی نوێدا بەدیی بهێنرێت.