کەسایەتییەکی مەسیحی: ئەو کاندیدە مەسیحییانەی دەنگیان زۆرهێناوە نوێنەرایەتی حزبەکان دەکەن
١٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٦:٥١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کەسایەتییەکی دیاری مەسیحییەکانی عێراق ئاشکرایکرد، نزیکەی 60 هەزار دەنگی دەنگدەرانی تایبەت دراوە بە کاندیدە مەسیحییەکان، لەکاتێکدا ئەو کاندیدانە نوێنەرایەتی حزبەکان دەکەن نەک پێکهاتەی مەسیحی.
کەسایەتییە دیارەکەی مەسیحی کە بەبیانووی ئەوەی دوای هەڵبژاردن هەڵوێستی دەستەجەمعی وەردەگرن ئامادە نەبوو ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەو کاندیدانەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کورسی کۆتای مەسیحی پاڵپشتییان دەکات، زۆرترین دەنگیان لە کەرکوک، دهۆک و هەولێر بەدەستهێناوە.
دەشڵێت: ئەو کاندیدانەشی کە ڕەیان کلدانی پشتگیرییان دەکات زۆرترین دەنگیان لە موسڵ و بەغدا بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە دەنگدانی گشتی هاوکێشەکە وەکخۆی دەهێڵێتەوە یان گۆڕانی بەسەردا دێت.
لەکۆی 329 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، 5 کورسی کۆتا لە پارێزگاکانی بەغداد، کەرکوک، موسڵ، هەولێر و دهۆک بۆ مەسیحییەکان دانراوە.
کەسایەتییە مەسیحییەکە دەڵێت: ئەوانەی کورسی کۆتای مەسیحی دەبەن بە دەنگی حزبەکان دەردەچن و گوزارشت لە ڕای مەسیحییەکان ناکەن.