نەوەی نوێ تاوتوێی ئەنجامی هەڵبژاردن دەکات
١٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٣:٣٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی باڵای نەوەی نوێ ئاشکرایکرد، ڕەنگە سبەینێ ستافی پەرلەمانی عێراق و کوردستان و سەرکردەکانی نەوەی نوێ لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردن کۆببنەوە.
سەرچاوە باڵاکەی نەوەی نوێ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: رێبوار عەبدولڕەحمان لە زیندان سەردانی شاسوار عەبدولواحیدی کردووە و دەرئەنجامی هەڵبژاردنیان تاوتوێ کردووە، شاسوار عەبدولواحید دانی بەوەدا ناوە لە دیاریکردنی کاندیدەکاندا کەوتوونەتە هەڵەوە.
سەرچاوەکە دەڵێت: هەندێک پەرلەمانتار خۆیان ئامادە کردووە قسەی ڕاشکاو بکەن، لەسەر ئەوەی دانانی کاندیدی ژن و مێرد، هەروەها لاوازی جوڵانەوەکە و ڕاگەیاندنەکەی لە تەوزیف نەکردنی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید بۆ هەڵبژاردن چەند زیانی پێگەیاندوون.
دەشڵێت: جوڵانەوەکە ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە و ڕەنگە ئەم قەیرانە کاریگەری لەسەر کەناڵی ئێن ئارتیش هەبێت.
لایخۆیەوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ، سەرجەم زانیارییەکانی سەرچاوەکەی ڕەتکردەوە و بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: یەکێتی ڕێگە نادات رێبوار عەبدولڕەحمان سەردانی شاسوار عەبدولواحید بکات، دوای هەڵبژاردن تەنها خێزانەکەی سەردانیان کردووە.