د. محەمەد ڕەزا: ١٧ کاندیدی پاڵپشتیکراوی شێخ نەهرۆ سەرکەوتنیان بەدەستهێنا
١٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٣:٤٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کەسایەتییە نزیکەکان لە شێخ نەهرۆ کەسنەزانی- سەرۆکی تەریقەتی کەسنەزانی، بانگەشەی ئەوە دەکەن ١٧ کاندیدی حزب و لایەنەکان کە ئەوان پشتگیرییان کردوون، دەنگی پێویستیان بەدەستهێناوە و سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوو برای خودی شێخ نەهرۆ نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن.
د. محەمەد ڕەزا، کەسایەتی عەرەبی نزیک لە شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، ناو و وێنەی ١٧ کاندیدەکەی بڵاو کردووەتەوە و ستایشی شێخ نەهرۆی کردووە "لەو سەرکەوتنەی بەدەستیهێناوە."
ئەو ١٧ کاندیدەی تەریقەتی کەسنەزانی بانگەشەی پاڵپشتی کردنیان دەکات، تەنها یەک کاندیدیان کوردە و ناوی 'پەروین ئەکرەم'ـە و کاندیدی پارتییە لە دهۆک، لەکاتێکدا یەکێکی تر لەو کاندیدانە 'وەسفی عاسی'، سەرکردەی عەرەبی کەرکوکە.
ئەم قسانەش لەکاتێکدایە کە دوو برای شێخ نەهرۆ بەناوی جونەید و عەبدولکەریم خۆیان کاندید کردبوو و سەرکەوتوو نەبوون. ئەو دوو برایە هەردووکیان لەڕیزی هاوپەیمانی "سیادە" خۆیان هەڵبژاردبوو، یەکەمیان لە پارێزگای ئەنبار و تەنها ٨٥ دەنگی بەدەستهێنابوو. دووەمیشیان لە بەغداد و تەنها ٣٢١ دەنگی بەدەستهێنابوو.