پەرلەمانی کوردستان لەبەردەم 3 سیناریۆدا
١٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٣:٥٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی چارەنوسی پەرلەمانی کوردستانی خستووەتە بەردەم سێ ئەگەرەوە، لەکاتێکدا چارەنوسی ئەم دەزگا "بێ ڕۆڵ" کراوەی هەرێم دەبێت یەکلایی بکرێتەوە.
نزیکەی ساڵێک و یەک مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا دەستەی سەرۆکایەتییەکەی پێکنەهێنراوە، بەڵام وادەی یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی ئەو دەزگایە، نزیکە.
بژاردە بێپێشینەکە؛ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان یەکێکە لە سیناریۆکان، لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت و یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی ئەو پۆستانەی ناکۆکن لەسەری.
ئەم بژاردەیە کەلەمێژووی 34 ساڵەی حوکمڕانی هەرێمدا تاقیینەکراوەتەوە، ئێستا بووە بە باسێکی گەرم.
ئەمڕۆ محەمەد مەحمود، وتەبێژی پارتی، بە کەناڵی ڕووداوی وتووە: هیوادارین دۆخەکە نەگاتە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن.
پارتی پێیوایە دۆخی جەماوەری یەکێتی باش نییە و ڕێژەی دەنگەکانی خۆی لەسەر ئاستی هەرێم زیادیکردووە، بۆیە دوور نییە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان وەکو کارتی فشار بەکار بهێنێت.
لەکاتێکدا یەکێتیش دۆخەکە وا دەبینێت لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لاواز بوون و گۆڕەپانەکەی بۆ تەخت بووە، بۆیە پێناچێت زۆر گرفتی لەگەڵ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن هەبێت.
بەرپرسێکی باڵای پارتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لەناو پارتیدا باس کراوە، پارتی هاوشێوەی پێش هەڵبژادن نەرم نابێت بەرامبەر بە یەکێتی.
بژاردەی فشارئامێز؛ کۆبوونەوەی بێ ڕێککەوتن
یەکێکی تر لە سیناریۆکان ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانە لەلایەن پارتییەوە، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە پەیامی ئەوە بە یەکێتی بگەیەنێت دەتوانێت بە بێ ئەویش پەرلەمان کارا بکاتەوە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، پارتی ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان کردووە، جگە لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەی و لایەنە نزیکەکانی، هەندێک پەلەمانتاری تریشی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە.
گەورەترین گرفتی پارتی ئەوەیە ئەگەر نیسابی یاسایی پەرلەمانیش تەواو بکات و پەرلەمانیش کۆببێتەوە، بە بێ بەشداری یەکێتی دووچاری ئاستەنگ دەبێت بەتایبەتی لەپێکهێنانی حکومەت، چونکە حزبی بەهێز نەماوە هاوشێوەی پێشووتری گۆڕان حکومەتی لەگەڵ پێکبهێنێت و وەکو کارت دژی یەکێتی بەکاری بهێنێت. ئەمە سەرباری ئەو دوو زۆنییە دیفاکتۆیەی کە هەیە، کە ڕەنگە سەربکێشێت بۆ هەنگاوی مەترسیدار لەلایەن یەکێتییەوە کە دواتر بە زیانی پارتی بشکێتەوە.
بژاردە واقعییەکە؛ پێکەوە بوون
سیناریۆی سێیەم پێکەوە بوون و ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و پارتییە، ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکانی هەرێم و بەغدا و کردنیان بە یەک پاکێج.
پێشتر یەکێتی و پارتی تاڕادەیەک لەیەکتری نزیک بووبوونەوە، بەڵام هێرشی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیان بۆ سەر یەکتری دیسانەوە نێوانی تێکدان.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، یەکێتی و پارتی ئەزموونیان لە هێرشکردنە سەر یەکتری و دواتر ڕێککەوتن هەیە، بۆیە دوور نییە جارێکی تر ڕێکبکەون لەسەر پۆستەکانی هەرێم و بەغدا.
چاودێران دەڵێن، پارتی نایەوێت یەکێتی لەگەڵ لایەنی تری عێراقدا نزیک ببێتەوە و پێیوایە عێراق لە داهاتوودا فشار دەخاتە سەر هەرێم، بۆیە دوور نییە ئەم ببێتە هۆی نەرمی نواندنی پارتی.