چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان: پێویستمان بە لیستەکەی سودانی نییە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق

١٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١٢:٤٤ پاش نیوەڕۆ

چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان: پێویستمان بە لیستەکەی سودانی نییە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق

پەنجەرە

سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی باس لەوەدەکات تەنها پێویستیان بە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێکی ترە بۆ ئەوەی کابینەی نوێی حکومەت بەبێ سودانی پێکبێنن و پێویستیان بەو نابێت.

سەرچاوەکە بە پەنجەرەی وت: تائێستا لایەنە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان بەبێ سودانی، 120 کورسیی نوێی پەرلەمانی عێراقیان کۆکردووەتەوە، تەنها پێویستیان بە 45-46 کورسی دیکەیە بۆ ئەوەی بتوانن حکومەت بەبێ سودانی پێکبێنن.

ئەمەش لەکاتێکدایە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، چاوی لە وەرگرتنەوەی پۆستەکەیە و بەوپێیەی زۆرترین کورسی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەدەستهێناوە، بۆیە دەیەوێت ئەوان حکومەت پێکبێنن.

بەڵام لەبەرامبەردا لایەنە شیعییەکان کەوتوونەتە جوڵە و بەشێکی بەرچاویان دژی دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستەکەن لەلایەن سودانییەوە، بەشێکی تریشیان ئەگەرچی دۆستی سودانین، بەڵام دەترسن دوبارە وەرگرتنەوەی پۆستەکە بەهێزی بکات و دەسەڵاتی زیاتر بێت.

بەپێی دەرەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنەکە، لیستە شیعییەکان تێکڕا نزیکەی 190 کورسییان بەدەستهێناوە، لەو ژمارەیەش 45 کورسی هی لیستەکەی سودانییە. بۆیە ئەگەر لایەنە شیعییەکان بیانەوێت کابینەی نوێی حکومەت بەبێ سودانی پێکبێنن، ئەوا پێویستیان بە سونە و کورد دەبێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو