"نەیاری هاوبەش"؛ نهێنی هاوبەشێتی پارتی و عەزم

١٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١٢:٤٦ پاش نیوەڕۆ

"نەیاری هاوبەش"؛ نهێنی هاوبەشێتی پارتی و عەزم

پەنجەرە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاوبەشێتی هاوپەیمانی عەزمی لە دوو پارێزگادا کرد، سەرچاوەیەکیش هۆکارەکەی دەبەستێتەوە بە بونی نەیاری هاوبەش.

لەهەریەکە لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین، پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بە هاوبەشی هاوپەیمانێتی عەزمی عەرەبی سونە، لەم ڕێگەیەشەوە توانی بۆیەکەمجار کورسییەکی پەرلەمان لە پارێزگای دیالە بەدەستبێنێت.

هاوبەشێتی عەزم و پارتی لەکاتێکدایە لیستە عەرەبییەکە بەوە ناسراوە نزیکە لە ئێرانەوە، لەکاتێکدا پارتی بەوە ناسراوە دۆست و نزیکی تورکیا و نەیاری ئێرانە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار بۆ پەنجەرە، دوو هۆکار لەپشت ئەم هاوبەشێتییەوە هەیە، یەکەم سوودبینین لە دەنگی یەکتری لەو شوێنانەی کە بە تەنیا ڕەنگە نەتوانن ئەوەندە بەهێز دەرکەون، دووەمیشیان نەیارێتی پارتی تەقەدومە.

پارتی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، بەهێزترین هێزی سونەکانە. لەبەرامبەردا لەناو مەیدانی سونەدا هێزەکانی وەکو سیادە و عەزم بە ڕکابەری خۆیانی دەزانن، هاوکات پەیوەندیی پارتیش لەگەڵ تەقەدوم و سەرۆکەکەی خراپە و بە ئاشکرا دژایەتی یەک دەکەن.

سەرچاوەکە وتی: "دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە، بنەمای سەرەکی ئەم هاوبەشێتییەی عەزم و پارتییە."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو