کورد و عەرەب لە کەرکوک؛ هاوکێشەکان ساڵ لە دوای ساڵ لە زیانی کورد دەگۆڕێن

١٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٨:٣٠ پاش نیوەڕۆ

کورد و عەرەب لە کەرکوک؛ هاوکێشەکان ساڵ لە دوای ساڵ لە زیانی کورد دەگۆڕێن

پەنجەرە

نوێنەرێکی پێشووی شاری کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشبینی دەکات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێت، ژمارەی کورسییەکانی کورد دەبێتە 4 کورسی و ژمارەی کورسی عەرەب بۆ 6 کورسی زیاد دەکات.

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، کورد ژمارەی کورسییەکانی لە 6 کورسییەوە بۆ 5 کورسی کەمیکرد، عەرەب کورسییەکانی لە 4 کورسییەوە بۆ 5 کورسی زیاد کرد، تورکمانیش 2 کورسییەکەی خۆی هێنایەوە.

شوان داودی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئێمە لە کەرکوک لەگەڵ عەرەب دا لە هاوکێشەیەکی پێچەوانەداین، ساڵ بە ساڵ دۆخەکە لە بەرژەوەندی عەرەب و بە زەرەری کورد دەشکێتەوە.

دەشڵێت: خێزانی عەرەب منداڵ زۆر دەخەنەوە، لەکاتێکدا خێزانی کورد لە یەک منداڵ بۆ 3 منداڵ زیاتریان ناوێت.

بەپێی ئامارێکی فەرمی، لە مانگی 8ـی ئەمساڵ، لە قەزای داقوقی باشوری کەرکوک 86 منداڵ لەدایکبوون، 55 منداڵیان عەرەب و 24 منداڵیان کورد بوون و ئەوانیتر تورکمان بوون.

شوان داودی دەڵێت: کۆچی خێزانە کوردەکان بۆ هەولێر و سلێمانی زیانی بە ڕێژەی کورد لە کەرکوک گەیاندووە، نزیکەی 90 بۆ 100 هەزار خێزانی کەرکوکی لەو دوو شارەن.

دەشڵێت: باوک و دایک لە سلێمانییەوە دەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک بۆ دەنگدان، بەڵام منداڵەکانیان ناگەڕێنەوە و چەند ساڵێکی تر ڕەنگە دۆخەکە خراپتریش بێت.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لایەنە کوردییەکان لەشاری کەرکوک (252691) دەنگیان بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا لایەنە عەرەبییەکان (233964) دەنگیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە.

لەنێو شەقامی کوردییدا هەندێک لایەنی کوردی تۆمەتبار دەکرێن بەوەی دەنگی کوردییان بەفیڕۆ داوە و بە لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە، نەیانتوانیووە کورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنن.

شوان داودی دەڵێت: ئەمە ڕاست نییە، دەنگی پوچەڵ لە نێو کورددا لە دوای دەنگی یەکێتی و پارتییەوەیە، چونکە خەڵک لە دۆخەکە ناڕازین.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو