پارتی و حەلبوسی؛ لەدۆستایەتییەوە بۆ بەربەرەکانێ

١٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٨:٣٢ پاش نیوەڕۆ

پارتی و حەلبوسی؛ لەدۆستایەتییەوە بۆ بەربەرەکانێ

پەنجەرە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە "محەمەد حەلبوسی" سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم توڕەیە، حەلبوسیش بەردەوامە لە یارییە سیاسییەکانی و دەیەوێت پێگەی خۆی لە نێو سونەکانی عێراقدا بەهێزتر بکات.

لە ساڵی 2021، پارتی و حەلبوسی پێکەوە هاوپەیمانی ڕەوتی سەدر بوون، بەڵام هاوپەیمانی نێوان ئەو دوو لایەنە لە ئێستادا گۆڕاوە بۆ بەربەرەکانێی یەکتری و هەردوولا هێرش دەکەنە سەر یەک.

حەلبوسی لە هاوپەیمانێتیکردنی سەدر و پارتی زیانی گەورەی کرد و لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دوور خرایەوە، بەڵام خێرا ئاراستەی کار کردنی ڕوو لە هێزە شیعەکان و پشتکردن لە پارتی گۆڕی.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت: حەلبوسی لە پارێزگای نەینەوا وەکو بەرگریکار لە عەرەب و دژە کورد قسە دەکات، لەناوچەکانی تریش گوتارەکانی دژی شیعەن.

کاتێک لایەنە سەرەکییەکانی عەرەبی سونە بە تایبەت حەلبوسی و خەمیس خەنجەر لەگەڵ پارتیدا هاوپەیمانی ڕەوتی سەدر بوون، هاوپەیمانی عەزمی موسەنا سامەرائی لەگەڵ هێزە شیعەکان دا لە دژیان وەستایەوە.

بەربەرەکانێی حەلبوسی، پارتی و موسەنا سامەرائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزمی پێکەوە کۆکردەوە و لەهەندێک ناوچە بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنیان کرد، لەکاتێکدا پێشتر لەسەر دوو هێڵی جیای ئێرانی و تورکی بوون.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، پارتی و حەلبوسی لە هەندێک مەسەلەدا ناکۆکن، بەڵام ناکۆکی سەرەکی نێوانیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بارزانی وەکو مەرجەعی سونە مامەڵە دەکات، لەکاتێکدا حەلبوسی ئەمە ڕەتدەکاتەوە.

پارتی پێیوایە سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم دۆست و نەیاری هەمیشەیی نییە، لەهەر جێگەیەک مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی دروست ببێت، خێرا ئەو جێگەیە بەجێدەهڵێت و پشت لە دۆستەکانی دەکات.

پارتی و حەلبوسی هەرچەندە ناکۆک بن، بەڵام لە ئێستادا هەردوولایان چاویان لەسەر بەهێزکردنی پێگەی خۆیانە لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو