دەنگی زۆر و کورسی کەمتر؛ پارتی لە نێوان شکست و سەرکەوتن دا
١٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٨:٤٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پارتی دیموکراتی کوردستان، هەرچەندە ژمارەی دەنگەکانی زیادیکرد بەڵام ژمارەی کورسییەکانی کەمی کرد، ئەمەش بەلای سەرکردەکانی ئەو حزبەوە مایەی نیگەرانییە.
کورسی پارتی لە ئێستا و ڕابردوودا
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـدا، پارتی 31 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا، زۆرترین کورسی لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و نەینەوا بردبوویەوە.
پارتی لە پارێزگای دهۆک 9 کورسی، هەولێر 9 کورسی، نەینەوا 9 کورسی، سلێمانی 2 کورسی و کەرکوکیش 2 کورسی هەبوو، بەمجۆرە 31 کورسی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا هەبوو.
لەم هەڵبژاردنەدا، پارتی لە دهۆک 9 کورسی، هەولێر 10 کورسی، نەینەوا 5 کورسی، سلێمانی 2 کورسی، لە کەرکوک و دیالەش سەروو کورسی بەدەستهێناوە و ژمارەی کورسییەکانی لە 31 کورسییەوە بۆ 28 کورسی دابەزیووە.
پارتی لە پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی پارێزگاری لە کورسییەکانی کرد، لە هەولێر کورسییەک زیاتری بردەوە و لە پارێزگای دیالەش بۆ یەکەمجار بووە خاوەنی کورسییەک، بەڵام لە پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا 5 کورسی لەدەستدا.
دابەزینی ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە 31 کورسییەوە بۆ 28 کورسی، لەکاتێکدایە ئەو حزبە یەک ملیۆن و 317 هەزار و 446 دەنگی بەدەستهێنا و دەنگ زۆری نەبووە فریاد ڕەسی.
پارتی لەنێوان شکست و سەرکەوتن دا
ئەگەر زیادبوونی ژمارەی دەنگەکانی بە سەرکەوتن هەژمارد بکرێت، ئەوا پارتی براوەی هەڵبژاردنە؛ بەڵام ئەگەر کورسی بکرێتە بنەمای شکست و سەرکەوتن ئەو حزبە دووچاری شکست بووە.
کەرکوک یەکێک بوو لە خاڵە لاوازەکانی پارتی و ژمارەی کورسییەکانی لە 2 کورسییەوە بۆ کورسییەک کەمیکرد، بەڕای بەرپرسانی ئەو حزبە چەند هۆکارێک لەپشت ئەم شکستەوەی حزبەکەیانەوەیە لەو پارێزگایە.
ململانێی ناوخۆیی پارتی و کێبڕکێی توندی نێوان کاندیدەکانیان، ڕۆیشتنی دەنگێکی زۆری هێزە چەکدارەکانی ئەو حزبە بۆ کورسی کۆتا، ئەمانە هۆکارە دیارەکانی کەمکردنی ژمارەی کورسییەکانی پارتین لە کەرکوک.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەلایەن یەکێتی و سودوەرگرتن لەو پۆستە، لە سەر ئاستی شەقامی کوردی زیانی بە پارتی ڕکابەر گەیاندووە.
چاودێران دەڵێن، هاوڕابوونی پارتی لەگەڵ بەرەی تورکمانی و ڕاکان جبوریی، لەڕووی جەماوەرییەوە زیانی پێگەیاندووە، بەو پێیەی ئەو لایەنانە پێشتر وەکو نەیاری کورد وێنا کراون. ئەمە جگە لەوەی دەسەڵاتی لە پارێزگاکەدا لەدەستداوە و نەیتوانیوە سود لە دەسەڵات بۆ بەهێزکردنی پێگەی وەربگرێت.
کەمکردنی ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە پارێزگای نەینەوا بەلای بەرپرسانی ئەو حزبەوە چاوەڕوانکراو بوو، کە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن پارتی کورسییەکانی لە 9 کورسییەوە بۆ 5 کورسی کەمیکرد.
بەرپرسانی پارتی پێیانوایە، زۆری ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دا، نەبوونی بارەگای حزبەکەیان لە بەشێک لە ناوچەکانی نەینەوا و دابڕانیان لەخەڵک، پەیدابوونی هێزی نوێ لە شەنگال، هۆکاری کەمکردنی ژمارەی کورسییەکانیانن.
بەپێی وتەی بەرپرسانی پارتی، جیاوازیکردن لەنێوان کاندیدەکان و نیگەرانی لایەنگرانیان لەو پارێزگایە، هەروەها بەهێزبوونی کێبڕکێی نێوان لایەنەکان، ڕوڵیان لە کەمبوونەوەی ژمارەی کورسییەکانی پارتیدا هەبووە.