یەکێتی؛ هەڵبەز و دابەزکردن لە نێوان ژمارەکاندا 

١٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٨:٥٠ پاش نیوەڕۆ

یەکێتی؛ هەڵبەز و دابەزکردن لە نێوان ژمارەکاندا 

پەنجەرە

یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ژمارەی دەنگ و ژمارەی کورسییەکانیشی کەمیکرد، لە هەندێک ناوچە کورسی لە دەستدا پێشبینی کراو نەبوو، لە هەندێک ناوچەکەش کورسی بەدەستهێنا چاوەڕوان نەدەکرا بەدەستی بهێنێت.

یەکێتی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـدا، 18 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێنا، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی کورسییەکانی بۆ 17 کورسی کەمیکرد، ژمارەی دەنگەکانیشی بەراورد بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەهەمانشێوە کەمیکرد.


یەکێتی و بردنەوە

یەکێتی نیشتمانی کوردستان، تەنها لە شاری بەغدا و شاری کەرکوک براوەی هەڵبژاردن بوو، ئەگینا لە زۆربەی ناوچەکانی تر پارێزگاری لە کورسییەکانی پێشووتری کرد یاخود کورسی لە دەستدا.

لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، یەکێتی لە کەرکوک 3 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی کورسییەکانی بۆ 4 کورسی زیاد کرد.

هۆکاری پارێزگاریکردن لە کورسییەکانی یاخود زیادکردنی کورسییەکانی یەکێتی لە کەرکوک بۆ چەند هۆکارێک دەگەرێتەوە، ئەم حزبە لە ڕێگەی بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگار و سودوەرگرتن لە پۆستەکە تاڕادەیەک متمانەی بۆ شەقامی شارەکە گێڕایەوە.

زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی لە کەرکوک بەواتای باشبوونی دۆخی کورد نایەت، بەو پێیەی یەکەم هەڵبژاردنە کورد لەو پارێزگایە لە نیوە کەمتری ژمارەی کورسییەکان بەدەستبهێنێت.

پێکهاتەی بەڕێوەبردنی یەکێتی لە کەرکوک جۆرێک سەربەخۆیی هەیە، دەسەڵات و هێز و پارەی لە بەردەستدایە و تاڕادەیەک نێوانیان لەگەڵ شەقامی کوردیدا باشە، ئەمە هۆکارە بۆ ئەوەی یەکێتی لەو شارە دۆخی باش بێت.

 بازنەی بەغدا دووەم بازنەی هەڵبژاردنە کە یەکێتی لە دوای کەرکوک سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێنا، لەکاتێکدا پێشتر یەکێتی لە بەغدا کورسی نەبووە، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بووە خاوەنی کورسییەک لە پایتەختی عێراق.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، هۆکاری بەدەستهێنانی کورسی لە بەغدا بۆ کارکردنی ڕژد و دانانی پلانی نوێ دەگەڕێتەوە، بەشێوەیەک جیاواز لە جاران، هەوڵی جیدیی دراوە بۆ بە دەستهێنانی کورسی لە بەغدا.


ئەنجامە چاوەڕواننەکراوەکان 

جگە لە پارێزگاکانی کەرکوک و بەغدا، ئەنجامی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی تر بۆ یەکێتی دڵخۆشکەر نەبوو، بەو پێیەی لەو ناوچانە پارێزگاریی لە دەنگەکانی کردووە یاخود کورسی لە دەستداوە.

یەکێتی لە پارێزگای دهۆک دووچاری شکستێکی گەورە بوو، کاتێک دڵنیابوو لەوەی کورسی بەدەستناهێنێت و ڕێنمایی بە لایەنگرانی دا بۆئەوەی دەنگ بە کاندیدی کۆتا بدەن.

گەورەترین شکست بۆ یەکێتی لە پارێزگای دیالە بوو، بەو پێیەی لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە هەموو هەڵبژاردنێک خاوەنی کورسی بوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا کورسی بەدەستنەهێنا و ڕکابەرەکەی کە پارتییە بۆ یەکەمجار بووە خاوەنی کورسییەک.

لە دەستدانی کورسییەکەی پارێزگای سەڵاحەدین بۆ یەکێتی چاوەڕواننەکراو نەبوو، بەو پێیەی یەکێتی یەکجار کورسی لەو پارێزگایە بەدەستهێناوە، ئەمجارەش ئەگەر پارێزگار پۆستەکەی بەجێنەهڵێت دەبێتەوە خاوەنی کورسییەکە، هەوڵەکانی پشت پەردەشی بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامن.

لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و نەینەوا دۆخەکە بۆ یەکێتی نەگۆڕاون، یەکێتی لە ڕابردوودا 8 کورسی لە سلێمانی، 2 لە هەولێر و 2 کورسی لە نەینەوا هەبوو، ئەمجارەش هەمان ئەو کورسییانەی بەدەستهێنایەوە.


قەیران لەناو یەکێتییدا

بەڕای چاودێرانی سیاسی، کەمبوونەوەی دەنگ و ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی بێ هۆکار نییە، سەرەکیترین ئەو هۆکارانە ئەوەیە گوتاری ئەم حیزبە بەراورد بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکرابوو.

یەکێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا بەڵێنی زۆری بە خەڵکدا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ساڵێک نەک بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکرد، بەڵکو لەسەر هەمان گوتار بەردەوام بوو کە لای شەقام گرنگی نەمابوو.

گەورەترین گرفتی یەکێتی ئەوەیە کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دا، "دۆسییە/قەزیە"ـی نییە و وەکو لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن خۆی وێنا دەکات، لەکاتێکدا ڕکابەرەکەی کە پارتییە مەسەلەی نەتەوایەتی و بەرگریکردنی لە قەوارەی هەرێم کردبوویە کرۆکی بانگەشەکەی.

چاودێرانی سیاسی دەڵێن، دەستگیرکردنی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەی سلێمانی زیانی بە یەکێتی لە ڕووی جەماوەرییەوە گەیاندووە، کە پێشتر ئەم حیزبە بانگەشەی ئازادی لە سنوری سلێمانی دەکرد.

دەستگیرکردنی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سلێمانی لەڕووی دەنگ و ژمارەی کورسییەوە هیچ سودێکی بە یەکێتی نەگەیاند، بەڵکو کورسی ئەو لایەنانە بۆ لایەنە ڕکابەرەکانی تریان لەدەرەوەی دەسەڵات ڕۆیشت.

جیاوازیکردن لە نێوان کاندیدەکان و پاڵپشتیکردنی هەندێکیان لەلایەن بەرپرسان و پەراوێزخستنی ئەوانیتر، یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی کە جەماوەری حزبەکەی لە یەکێتی زوویر کردووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو