کورسییەکەی هەولێر مشتومڕ لەنێوان یەکێتی و پارتی دروستدەکات
١٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١:٥٧ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
یەکێتی و پارتی لەسەر کورسییەکەی پارێزگای هەولێر لە مشتومڕێکی توند و نهێنیدان، بەتایبەت دەنگەکانی یەکێتی و پارتی بۆ بەدەستهێنانی ئەو کورسییە نزیکن لە یەکترییەوە.
پارتی 9 کورسی لە پارێزگای هەولێر بەدەستهێناوە و بەو کورسییەوە ژمارەی کورسییەکانی لەو پارێزگایە دەگاتە 10 کورسی، یەکێتیش 2 کورسی بەدەستهێناوە و دەیەوێت لەهەولێر ببێتە خاوەنی 3 کورسی.
بەپێی وتەی ئەو سەرچاوانەی پەنجەرە قسەی لەگەڵ کردوون، دەنگەکانی یەکێتی و پارتی بۆ بەدەستهێنانی ئەو کورسییەی کە لە هەولێر ناکۆکن لەسەری زۆر نزیکە لە یەکترییەوە، بەڵام تا ئێستا ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی زیاترە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بافڵ تاڵەبانی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق کۆبوویەوە، نازانرێت سەردانەکە پەیوەندیی بەم پرسەوە هەیە یان نا.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە بڕیارە سبەی دووشەمە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەرەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رابگەیەنێت.