عەرەبی سونە چاوی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمارە

١٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٢:١٩ پاش نیوەڕۆ

عەرەبی سونە چاوی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمارە

پەنجەرە

لە سۆشیال میدیای سەر بە هاوپەیمانی "تەقەدوم" بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، هەڵمەتێکی چڕ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن عەرەبی سونەوە دەستیپێکردووە، بەرپرسێکی یەکێتیش دەڵێت عەرەبی سونە چاوی لەسەر ئەو پۆستەیە.

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: عەرەبی سونە دەمێکە چاوی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمارە، چونکە پێیانوایە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە.

دەشڵێت: سەرۆک کۆمار بەشداری کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی دەکات و ناوێکی گەورەیە هەرچەندە دەسەڵاتەکانی دیاریکراون، بۆیە عەرەبی سونە پۆستەکەی بەلاوە گرنگە.

بەپێی وتەی بەرپرسەکەی یەکێتی، پۆستی سەرۆک کۆمار لە دوای نەمانی تاڵەبانی لە گۆڕەپاکە سودی گەورەی بۆ کورد نەبووە، بەڵام لەبەر ئەوەی پۆستەکە ناوێکی گەورەیە و کوردیش بێ دەوڵەتە، بۆیە لەڕووی سایکۆلۆژییەوە گرنگی خۆی هەبووە.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئەگەر کورد خۆی دەستبەرداری پۆستەکە نەبێت پێدانی بە عەرەبی سونە ئەستەمە، بەوپێیەی شیعە نایەوێت پۆستەکە لای سونە بێت و پۆستی سەرۆک کۆمار لای کورد وەکو عورفی سیاسی لێهاتووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو