پۆستی پارێزگاری کەرکوک؛ یەکێتی بێدەنگە و لایەنە عەرەبییەکان چاوەڕوانن
١٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٧:٥٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەرکوک لەو وادەیە نزیک دەبێتەوە کە بڕیارە ئاڵوگۆڕ لە پۆستی پارێزگاری پارێزگاکەدا بکرێت، بەڵام هێشتا ڕوون نییە یەکێتی پۆستەکە ڕادەستی عەرەبی سونە دەکات یاخود نە.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەشێک لە لایەنە عەرەبییەکان، پۆستی پارێزگاری کەرکوک هەر دوو ساڵ جارێک لای لایەکیان دەبێت، بەو پێیە دەبێت یەکێتی لە کۆتایی ئەمساڵدا پۆستەکە ڕادەست بکاتەوە.
پۆستی پارێزگار؛ پۆستە ناکۆکی لەسەرەکە
ڕێبوار تەها سەرۆکی لیستی یەکێتی بوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەرچەندە دەنگێکی زۆری بەدەستهێنا بەڵام ڕەتیکردەوە پۆستی پارێزگار بەجێبهێڵێت.
جەختکردنەوەی رێبوار تەها لەسەر مانەوەی لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک، ئەو گومانەی دروستکردووە یەکێتی بیەوێت لایەنە عەرەبییەکان ڕازی بکات بۆ مانەوەی پۆستەکە لای خۆی.
ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سونە، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: تا ئێستا عەرەب پێداگیرە لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە یەکێتی.
دەشڵێت: ئەگەر یەکێتی پۆستەکە ڕادەستی عەرەبی سونە نەکات متمانە نامێنێت و قەیرانی سیاسی دروست دەبێت.
بێدەنگی یەکێتی
لەکاتێکدا وادەی ڕادەستکردنی پۆستی پارێزگار بە عەرەبی سونە زۆری نەماوە، بەڵام یەکێتی بێدەنگی هەڵبژاردووە و خۆی لە لێدوانی فەرمی لەبارەی پۆستی پارێزگار لادەدات.
بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەک، یەکێتی بیانووی بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی گرفت دروست بکات و پۆستەکە ڕادەست نەکاتەوە، بەتایبەت دوای پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک چەند ئەندامێکی عەرەبی لە ڕێککەوتەکە پاشگەز بوونەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەبەوەدەکەن، ڕەنگە یەکێتی بیەوێت ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ لایەنی عەرەبی ئەنجام بدات تا لەم ڕێگەیەوە پۆستەکەی لابمێنێتەوە.
پێدەچێت لە ئەگەری ڕادەست نەکردنەوەی پۆستی پارێزگار لەلایەن یەکێتییەوە، ئەو لایەنە عەرەبییانەی دژی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بوون دۆسیەکە دژی لایەنە عەرەبییەکانی تر بەکار بهێنن.
سەرچاوەیەکی باڵای عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: راکان جبوری داوای ئۆفیسێکی تایبەتی لە ئەنجومەنی پارێزگا کردووە، بەڵام داواکارییەکەی بەوجۆرەی ئەو دەیەوێت ڕەتکرایەوە.
دەشڵێت: ڕەنگە جبوری بیەوێت لە ئەنجومەنەوە دۆسیەی پارێزگار دژی لایەنە عەرەبییە ڕکابەرەکانی بەکار بهێنێت.