لەکۆی 10 کاندید تەنها یەک کاندیدی کاکەیی دەرچوو
١٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٨:١٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەکۆی 10 کاندیدی پێکهاتەی کاکەیی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەنها یەک کاندیدیان دەرچوو، چالاکوانێکی کاکەیش دەڵێت زۆری کاندیدە کاکەییەکان وایکرد دەنگی پێویست نەهێنن.
رەجەب کاکەیی، چالاکوانی کاکەیی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەگەر لە هەر پارێزگاکەیەک تەنها یەک کاندیدی کاکەیی هەبووایە، ڕەنگە ژمارەی کاندیدە کاکەییە دەرچووەکان زیاتر بووایە.
لە پارێزگای نەینەوا، کاکەیی 3 کاندیدی هەبوو یەکێکیان لە لیستی پارتی و 2 کاندیدەکەی تر لە لیستی یەکێتی بوون. لە پارێزگای کەرکوک، کاکەیی 4 کاندیدی هەبوو، دوو کاندیدیان لە لیستی پارتی و کاندیدێکیان لە لیستی یەکێتی و ئەویتریان وەکو سەربەخۆ خۆی کاندید کردبوو. لەپارێزگای دیالە کاکەیی 3 کاندیدی لە لیستی یەکێتیدا هەبوو.
ئەحلام رەمەزان کاکەیی، تەنها کاندیدی کاکەیی بوو کە دەنگی پێویستی لە سەر لیستی یەکێتی لە پارێزگای نەینەوا بەدەستهێنا و کورسییەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.
رەجەب کاکەیی دەڵێت: دەرچوونی ئەو کاندیدە بۆ پێکهاتەی کاکەیی گرنگە، هەرچەندە ئێمە چاومان لە دەرچوونی کاندیدی زیاترمان بوو.