فیدراڵییەت؛ لەکاتی کێشەدا باس دەکرێت و لە گفتوگۆی پۆستەکاندا پشتگوێدەخرێت

٢٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٢:٣٠ پاش نیوەڕۆ

فیدراڵییەت؛ لەکاتی کێشەدا باس دەکرێت و لە گفتوگۆی پۆستەکاندا پشتگوێدەخرێت

پەنجەرە

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، سیستەمی فیدڕاڵییەت لە عێراق جێبەجێ نەکراوە و دەسەڵاتدارانی عێراق کار بۆ بەهێزکردنی ناوەند دەکەن، بەڵام لەکاتی گفتووگۆکاندا بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق کەمترین بایەخ بەم پرسە دەدرێت.

پێشتر مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ڕایگەیاند: پێویستە لە وڵاتی فیدراڵیدا دەسەڵاتەکان دابەشبکرێن و بدرێنە ناوچەکان وەکو ئەوەی لە دەستووردا باس کراوە.

هەروەها وتیشی: بەداخەوە عەقڵییەتی بەشێک بەرپرسانی بەغدا قۆڕخکارە و دەیانەوێت هەموو شتێک لەلایەن ناوەندەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

جەختکردنەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەسەر فیدراڵییەت لەکاتێکدایە، لەکاتی گفتووگۆکانی پێکهێنانی حکومەت دا مشتومڕەکان هێندە لەسەر پۆستن، ئەوەندە بایەخ بە مەسەلەی فیدراڵییەت نادرێت.

هیچ هێزێکی سیاسی جێبەجێکردنی سیستەمی فیدراڵییەتی بەهەند وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا بەرپرسانی عێراق پێیانوایە دەسەڵاتەکانی هەرێم زۆر لە فیدراڵییەت زیاترن.

بە بڕوای بەرپرسانی عێراق، هەرێم خاوەنی هێز و پەیوەندی دەرەکی و مومارەسەی زۆر دەسەڵاتی تر لە دەرەوەی ناوەند دەکات، کە لە سیستەمی فیدراڵیدا جێگەیان نابێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: هۆکاری کێشەکانی عێراق جێبەجێنەکردنی سیستەمی فیدڕاڵیزمە.

بارزانی هۆکاری ئاڵۆزیەکان عێراق بۆ "شێوازی بیرکردنەوەی سیاسی" لە عێراق دەگێڕێتەوە و دەڵێت: سیستەمی سیاسی لە بەغدا تائێستا سورە لەسەر دەسەڵاتێکی مەرکەزی سەرەڕای هەبوونی دەستورێکی فیدڕاڵی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو