چۆن هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەر ئەمەریکای گۆڕی؟

٢٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٧:٠٢ پاش نیوەڕۆ

چۆن هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەر ئەمەریکای گۆڕی؟

پەنجەرە

دوای ڕووداوی 11ـی سێپتەمبەر ساڵی 2001 کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی سێ هەزار کەس، ئەمەریکا گۆڕانکاریی گەورەی لەناوخۆی وڵاتەکەی ئەنجامدا و هەنگاوی کرداریشی لە دەرەوەی وڵات نا، بەشێک لەو هەنگاوانە کاریگەرییان لەسەر کورد هەبوو.


گەشتی ئاسمانی

پێش هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەر، ڕێگە بە گەشتیاران دەدرا کەلوپەلی جیاواز لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ ناو فڕۆکە و پشکنین لەناو فڕۆکەخانەکان زۆر بەخێرایی تێپەڕدەبوو. 

ڕێگە بە کەسوکاری گەشتیار دەدرا تا دوا دەرگای فڕۆکەخانە گەشتیاران بە ڕێ بکەن، بەڵام دوای هێرشەکان ئەمە گۆڕدرا و پشکنینی گەشتیاریش زیاتر توندوتۆڵکرا.

لە راپۆرتێکی کۆمیتەی نەتەوەیی ئەمەریکا، کە لە مانگی 7ـی 2004 بڵاوکرایەوە، دەڵێت: ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرخەری ئەوەن هێرشبەرەکان چەقۆ و کەتەریان بەکارهێنابوو بۆ دەستگرتن بەسەر فڕۆکەکاندا.

دوو مانگ دوای هێرشەکان، حکومەتی ئەمەریکا ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانەکانی لە کەرتی تایبەت وەرگرتەوە و سپاردی بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گواستنەوە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕێوشوێنی ئەمنی توندی خستە بواری جێبەجێکردنەوە، وەک قەدەغەی بردنی چەند کەلوپەلێک بۆ ناو فڕۆکە، بە تایبەت ئەو شلەمەنیـیانەی دەکرێت ئاگربگرن یان ئەو کەلوپەلە تیژانەی دەکرێت وەک چەقۆ بەکاربهێندرێن.

بەڕێوبەرایەتیـیەکە لە هەمان کاتدا چەندین ئامێری تەکنەلۆژی پشکنینی خستە بواری کارپێکردن کە پـێویست دەکات گەشتیاران قایش و پێڵاوەکانیان دانێن لە کاتی پشکنیندا.

هەروەها بۆ زیادکردنی ئاسایشی ناو فڕۆکە، دەرگاکانی ژوری کۆنترۆڵی فڕۆکە لەلایەن کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانییەوە بە شێوەیەک بەرهەم دەهێنرێن توانای بەرگە گرتنی هێرشی بەهێزیان هەبێت. فڕۆکەوانەکانیش دەتوانن لە ڕێگەی وەزارەتی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا مۆڵەتی چەک وەربگرن و وەک ئەفسەری فیدڕاڵی کاربکەن لەناو فڕۆکەکاندا.


گۆڕانگاری دەزگایی

بەپێی ڕاپۆرتێکی واشنتن پۆست، دوای هێرشەکان پزیاتر لە 236 ڕێکخراوی جیاوازی حکومی ئەمەریکی دامەزراون یان ڕێکخراونەتەوە. ساڵێک دوای هێرشەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا زیاتر لە 130 یاسای تایبەت بە هێرشەکە ئامادەکراون و بەلای کەمەوە 48 پرۆژە یاسا پەسەندکراون.

یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکانی کۆنگرێس و بەڕێوەبەرایەتی ئەو کاتەی حکومەتی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی جۆرج بوشی کوڕ بریتی بوو لە پەسەندکردنی بڕیاری "یەکخستن و بەهێزکردنی ئەمەریکا بە دابینکردنی ئامرازی پێویست بۆ ئاشکراکردن و ڕێگری لە تیرۆر".

بڕیارەکان دەسەڵاتی زیاتریان دا بە دەزگا ئەمنییەکان بۆ چاودێریکردنی هێڵەکانی پەیوەندی بە مەبەستی دۆزینەوەی گۆمانلێکراوان.

سەرۆکی ئەمەریکا- جۆرج بوش، ساڵی 2002 وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکای دامەزراند، ئێستا خاوەنی زیاتر لە 240 هەزار کارمەندە و بە یەکێک لە گەورەترین دەزگاکانی کارگێڕی ئەو وڵاتە دادەنرێت. وەزارەتەکە 22 دەزگای جیاوازی فیدڕاڵی لە ناو خۆیدا کۆکردووەتەوە بە تایبەت لەسەر ڕێکارەکانی کۆچ کردن و گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکانیان.


جەنگ دژی تیرۆر

پێنج ڕۆژ دوای هێرشەکان و لە ڕۆژی 16ـی سێپتەمبەر 2001، لە پەیامێکدا بۆ گەلی ئەمەریکا، بوش بۆ یەکەمجار دەستەواژەی "جەنگ دژی تێرۆر"ـی بەکارهێنا، وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکی ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ گروپە تێرۆرستیـیەکانی وەک ئەلقاعیدە. 

لە پەیامەکەیدا بۆ هاوڵاتییانی ئەمەریکا، بوش وتی: جەنگی دژە تێرۆر ماوەیەک دەخایەنێت، دەبێت گەلی ئەمەریکا پشوودرێژ بن، من پشوودرێژ دەبم.

مانگێک دوای هێرشەکان و دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان ڕەتیکردەوە بەرپرسانی قاعیدە ڕادەست بکات، لە 7/10/2001 هێزەکانی ئەمەریکا بە هاوکاری ڕێکخراوی ناتۆ ئۆپەڕاسیۆنی "خۆڕاگری ئازادیـیان" بۆ سەر ئەفغانستان دەستپـێکرد.

ئۆپەراسیۆن و هاریکاریـیە سەربازیـیەکانی ئەمەریکا لە ساڵانی دواتردا چەندین ناوچەی تری گرتەوە وەک فلیپین، پاکستان، بیابانی باکوری ئەفریقا و وڵاتانی دەریای سوور. 

شەڕی تێرۆر فراوانترکرا بۆ جەنگ لە دژی ڕژێمی سەدام حسێن کە ئەوکات تۆمەتبار دەکرا بە هەبوونی چەکی کۆمەڵکوژ، هەرچەندە دواتر نەتوانرا ئەم تۆمەتە بسەلمێنرێت.

لە مانگی سێی ساڵی 2003، هێزە هاوپەیمانەکان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر عێراق بۆ لەناوبردنی ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن بە تۆمەتی ئاشکرانەکردنی چەکە کۆمەڵکوژەکانی.

دواتر ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی باراک ئۆباما بەکارهێنانی دەستەواژەی "جەنگ دژی تیرۆر"ـی کەمتر بەکارهێنا، بەڵام لە ساڵی 2009 ئۆباما بە فەڕمی داوای لە وەزارەتی بەرگری کرد کە دەستەواژەی "ئۆپەراسیۆنی بیانی لەناکاو" وەک جێگرەوە بەکاربهێنێت.

ڕووخانی رژێمی بەعس کە درێژکراوە و لێکەوتەی هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەر بوو، کۆتایی بە دابڕانی نێوان کورد و حکومەتی عێراق هێنا و لەوکاتەوە تا ئێستا کورد بەشدارە لە بەڕێوەبردنی عێراق دا.


بارودۆخی موسڵمانانی ئەمەریکا

بە گوێرەی ئەنجومەنی پەیوەندیـیەکانی ئەمەریکا- موسڵمانان لە نیویۆرک، بەلایەنی کەمەوە 28 کەس لەو هاوڵاتیانەی کە لە هێرشەکەی ئەلقاعیدە کوژران موسڵمان بوون.
 
کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن، دوای ڕووداوەکانی 11ـی سێپتەمبەر، لۆمەکردنی موسڵمانان و ڕەگەزپەرستی دژیان بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە.

بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی دادی ئەمەریکا، لەماوەی 20 ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 800 کەیسی توندوتیژ و هەڕەشەی گرێدراو بە هێرشەکەی 11ـی سێپتەمبەر تۆمارکراون، هەڕەشەکان دژی عەرەبە ئەمەریکی و موسڵمانان و ئەو کەسانە بوون کە ڕوخساریان لە هاوڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێت.

هەڕەشەکان بۆ سەر موسڵمانان لەکاتێکدا بوون، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا هەمیشە جەختیانکردووەتەوە کە قاعیدە و گروپە توندڕەوە ئیسلامیـیەکانی تر گوزارشت لە ئیسلام ناکەن.

دوای هێرشەکان، بوش ڕایگەیاند: "تیرۆر ڕووی ڕاستەقینەی ئیسلام نییە، ئیسلام ئەمە نییە، ئیسلام ئاشتییە، ئەم تێرۆرستانە نوێنەرایەتی ئاشتی ناکەن. ئەوان نوێنەرایەتی خراپە و شەڕ دەکەن."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو