سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نالیا بۆ پەنجەرە: ژمارەی کارمەندانی کەناڵەکانی نالیا کەمدەکرێنەوە
٢١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١:٤١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نالیا ئاشکرای دەکات کە ژمارەی کارمەندانی کەناڵەکانیان کەمدەکەنەوە، هاوکات جەخت لەوەش دەکاتەوە کەناڵەکانیان بەردەوام دەبن.
سەرچاوەکەی کۆمپانیای نالیا، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بەوپێیەی دەتوانرێت کەناڵەکانی نالیا (NRT) بە کارمەندی کەمترەوە بەڕێوەببرێن، هەر بۆیە ژمارەی کارمەندەکان کەم دەکرێنەوە.
وتیشی: هاوکات بەمە هیچ پلانێک نییە بۆ داخستنی کەناڵەکان.
ژمارەی کەناڵەکانی نالیا، 5 کەناڵە (ئێن ئاڕتی، ئێن ئاڕتی 2، ئێن ئاڕتی 3، ئێن ئاڕتی 4 و نالیا سپۆرت) کە چوار لەوانە ئاسمانین، لەگەڵ رادیۆکانی: نالیا ئێف ئێم و نالیا پڵەس.
ئەم دۆخەش لەکاتێکدایە کە باس لەوە دەکرێت کۆمپانیاکە ڕووبەڕووی کێشەی دارایی بووەتەوە، بەتایبەتی پاش ئەوەی دامەزرێنەی کۆمپانیاکە- شاسوار عەبدولواحید کە هاوکات سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێشە، لە مانگی ئابەوە لە زینداندایە و بەشێکی زۆر لە موڵکەکانی کۆمپانیاکانی نالیا و چاڤیش بەهۆی قەرزداریی حکومەتەوە، خراونەتە زیادکردنەوە بۆ فرۆشتنیان.