برنجی لە نایلۆن دروستکراو؛ دەنگۆ یان ڕاستی؟

٢١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١:٤١ پاش نیوەڕۆ

برنجی لە نایلۆن دروستکراو؛ دەنگۆ یان ڕاستی؟

پەنجەرە

هەبوونی برنجی لە نایلۆن دروستکراو یەکێکە لەو دەنگۆیانەی بەردەوام لەنێو خەڵکدا مایەی مشتومڕە، سەرچاوەی دەنگۆکەش خراپی کواڵێتی خۆراک و نەبوونه متمانەیە بە کواڵێتی کۆنترۆڵ.

فرۆشتنی برنجی لە نایلۆن یان پلاستیک دروستکراو، دەنگۆیەکە و تەنها هەرێمی کوردستانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو ئەم دەنگۆیە لەچەندین وڵاتی تردا بڵاوە و مێژووی دەنگۆکە بۆ ساڵی 2010 دەگەڕێتەوە.

دەنگۆکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2010 لە چین بڵاو بوویەوە، ئەوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتە بانگەشەی ئەوە کرا گوایە پێکهاتەی پەتاتە و پلاستیک تێکەڵ بە برنج کراون.

لە ماوەی چەند ساڵی دواتردا، ئەم دەنگۆیانە چەندین وڵاتی تریان گرتەوە، وەکو: هیندستان، گامبیا، سەنیگال، نەیجیریا و گانا، بەڵام بەرپرسانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی خۆراک ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردەوە و هەواڵەکەیان بە بێ بنەما وەسفکرد.

سەنتەری ئاسایشی خۆراکی هۆنگ کۆنگ، پێشتر هاوڵاتیانی دڵنیا کردەوە لە ناڕاستی دەنگۆی برنجی لە نایلۆن دروستکراو و ڕایگەیاند: باوەڕ بە دەنگۆکان مەکەن.

بەپێی بەدواداچوونی کەناڵەکانی فەرەنسا 24 و بی بی سی، سەرچاوەی زۆربەی بانگەشەکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و بەمەبەستی زیادکردنی بینەر ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە.

پێشتر هیوا ساڵح، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی له لیژنه هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی، ڕایگەیاند: لیژنەیەکیان سەرجەم جۆرەكانی برنجی لە سلێمانی ناردوه بۆ پشكنین بۆ یەکێک لە باشترین تاقیگەكان.

وتیشی: پشكنینی تاقیگەكه كوالێتی برنجەكانی پلەبەند كردوه و چەند جۆرێكیان له باشترین جۆری برنجەكانی جیهانن كە له بازاڕەكانی شاری سلێمانی دەفرۆشرێت.

 جەختیشیکردەوە: هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوه كه سەرجەم جۆرەکانی برنج له ڕوی كوالێتی و جۆرەكانییانەوه ڕوەكین، هەروەها له پێكهاتەكانیاندا ماددەی پلاستیك بونی نییه و پێویست به دڵەڕاوكێ ناكات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو