وردەکاریی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت
٢١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١:٤٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی وەکخۆیان ماونەتەوە و گرژییە سیاسییەکانی نێوانیان زیاتر بووە، سەرچاوەیەکیش دەڵێت: هۆکارەکەی پێداگیریی هەردوولایە لە داواکارییەکانیان و سازش نەکردن لێیان.
زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا یەکێتی و پارتی نەک لەسەر پێکهێنانی حکومەت ڕێکنەکەوتوون و پەرلەمانیان کارا نەکردووەتەوە، بەڵکو ململانێی نێوانیان بەردەوامی هەیە.
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی ئاگادار لە گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: وەزارەتی ناوخۆ گرێکوێرەی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتییە، ئەگەر پارتی دەستبەرداری ئەو وەزارەتە ببێت دۆخەکە دەگۆڕێت.
دەشڵێت: تائێستا پارتی ئامادە نییە دەستبەرداری وەزارەتی ناوخۆ ببێت، یەکێتیش پێداگیرە لەسەر وەرگرتنی.
وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا هاوتای یەک کراون، لە ئێستادا وەزارەتی پێشمەرگە لای یەکێتی و ناوخۆ لای پارتییە.
سەرچاوەکە دەڵێت: یەکێتی دەیەوێت پۆستی وەزارەتی ناوخۆ وەربگرێت و قوباد تاڵەبانی لەیەککاتدا جێگری سەرۆکوەزیران بێت و وەزارەتەکەش بەڕێوەببات.
بەپێی وتەی سەرچاوەکە، لەپاڵ پۆستی وەزارەتی ناوخۆدا "مەسەلەی هاوسەنگی لەنێو حکومەت، لامەرکەزییەت و خەرجنەکردنی بودجەی پێویست بۆ سلێمانی"؛ خاڵی ناکۆکی نێوان ئەو دوو لایەنەن.