سەرۆک کۆمار؛ ئەو پۆستەی لە سێ لاوە قولابی بۆ هەڵدەدرێت

٢١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١:٥١ پاش نیوەڕۆ

سەرۆک کۆمار؛ ئەو پۆستەی لە سێ لاوە قولابی بۆ هەڵدەدرێت

پەنجەرە

جگە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی تەقەدوم چاویان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقە، بۆیە پێشبینی دەکرێت مشتومڕی قورس لەسەر ئەو پۆستە دروست ببێت.

لایەنە شیعەکان پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن جموجۆڵیان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێکرد و پێدەچێت ڕێککەوتنیان درێژە نەکێشێت، لەکاتێکدا پارتی لەگەڵ یەکێتی و لەگەڵ هاوپەیمانی تەقەدومیش هیچ گفتووگۆ و ڕێککەوتنێکی نییە.


هاوپەیمانی تەقەدوم

پێدەچێت هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی هەر زوو لە کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار دوور بخرێتەوە، بەو پێیەی لایەنە شیعەکان لەگەڵ ئەوەدا نین ئەو پۆستە بە عەرەبی سونە بدرێت.

سەباری کەمی دەسەڵاتەکانی، بەڵام پۆستی سەرۆک کۆمار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناوێکی گەورەیە و بەشداری کۆبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی و نێودەوڵەتی دەکات، هەر ئەمەش وایکردووە عەرەبی سونە چاوی لەسەری بێت.

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: عەرەبی سونە جدییە لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام دڵنیان لەوەی پۆستەکەیان پێنادرێت.

هەرچەندە لە دەستوری عێراقدا ئاماژە بەوە نەکراوە سێ پۆستە باڵاکەی عێراق بۆ کام لە پێکهاتەکان بن، بەڵام پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ شیعە، پەرلەمان بۆ سونە و سەرۆک کۆمار بۆ کورد وەکو نەریتی سیاسی لێهاتووە.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند: پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد دەبێت.

بەم پێیە هەوڵەکانی محەمەد حەلبوسی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار هیچیان لێ شین نابێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەو لە دەرەوەی کێبڕکێکانی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بێت.


پارتی و یەکێتی؛ کێبڕکێ قورسەکە

پارتی دیموکراتی کوردستان نایشارێتەوە کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەبێت، هەرچەندە بەشێک لە چاودێران پێیانوایە ئەمە بەکارهێنانی کارتی فشارە لەدژی یەکێتی، بەڵام هەندێکی تر جەخت لەسەر جدییەتی پارتی دەکەنەوە.

لەماوەی دوو خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، پارتی هەوڵیدا پۆستی سەرۆک کۆمار لەیەکێتی وەربگرێتەوە، بەڵام هەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبوون بۆیە پێدەچێت سێیەم جاریش خۆی تاقی بکاتەوە.

هەوڵەکانی ئەمجارەی پارتی جیاواز دەبن لە هەوڵەکانی پێشووتری، بەوپێیەی لە لایەنە شیعەکان نزیک بووەتەوە و لەسەر ئاستی عێراقیش گوێبیستی پاڵپشتی پارتی دەبین.

ئیحسان شەمەری، چاودێری سیاسی دیاری عێراقی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ڕەنگە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ پارتی بێت.

پارتی دەیەوێت لە ڕێگەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لۆبی بکات، بەوپێیەی پۆستەکە ناوێکی گەورەیە و دەتوانێت سودی حزبی لێوەربگرێت.

لەکاتێکدا پارتی چاوی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمارە، بەڵام یەکێتی جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە پۆستەکە پشکی کوردە و لەنێو کوردیشدا پشکی ئەوە، بۆیە ئەمە گرفتی گەورە بۆ پارتی دروست دەکات.

پارتی هەمیشە لەناکۆکی و ململانێدا بووە لەگەڵ لایەنە شیعەکان، بەڵام یەکێتی هەمیشە لەگەڵ ئەو لایەنانەدا تەبا و هاوپەیمان بووە، بۆیە وانابینرێت لایەنەکان پشتی لێبکەن، بەتایبەتی کە تائێستا لەنێوان پارتی و بەشێکی زۆر لەلایەنە شیعەکاندا متمانە دروست نەبووە.


 یەکێتی و پارتی؛ پێکەوە بوون

یەکێتی و پارتی پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ڕێکنەکەوتن، ئەمەش ئەو گومانەی دروستکرد کە دوای هەڵبژاردن پۆستەکانی عێراق و هەرێم بەیەک پاکێج یەکلایی بکەنەوە.

لەئێستادا کە هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە و دەرئەنجامەکان ڕاگەیەنراون، بەڵام ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی قوڵتر بووەتەوە و بەرپرسانی هەردوولا هۆشداری بەیەکتری دەدەن.

دەنگۆی ناردنی پەیامی نهێنی لەلایەن ئەو دوو حزبەوە بۆ یەکتری هەیە، لەکاتێکدا چاودێران پێیانوایە ئەم دوو حزبە جگە لە ڕێککەوتن هیچ ڕێگەیەکی تریان لەبەردەمدا نییە.

چاوەڕوان دەکرێت لە ئەگەری لێکنزیکبوونەوەی یەکێتی و پارتیدا پۆستی سەرۆک کۆمار ببێتە تەوەرێکی گفتوگۆی نێوانیان، ئەمە وادەکات پێشتر جۆرێک لە لێکتێگەیشتن هەبێت لەنێوانیان.

ئەگەر یەکێتی و پارتی بەڕێککەوتنەوە بڕۆنە بەغدا پێناچێت ململانێ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار دروست ببێت، بەڵام ئەگەر ناکۆکییەکان بۆ بەغدا بگوێزنەوە، ئەوکات یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی سەرۆک کۆمار دەکەوێتە دەست هێزە شیعەکان، وەک لە جاری پێشوودا ڕوویدا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو