لە سەلوان مۆمیکاوە بۆ پاڵودان؛ چیرۆکی سوید و سوتاندنی قورئان

٢١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٢:٠١ پاش نیوەڕۆ

لە سەلوان مۆمیکاوە بۆ پاڵودان؛ چیرۆکی سوید و سوتاندنی قورئان

پەنجەرە

سوتاندنی قورئان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2023 لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم لەلایەن هاوڵاتیەکی عێراقییەوە، کاردانەوەی گەورەی موسڵمانانانی لێکەوتەوە، کە دواتر هاوڵاتییە عێراقییەکە کوژرا.

ڕێگەدانی سوید بە سوتاندنی قورئان لەکاتێکدا دڵنیابوو لە کاردانەوەی توندی موسڵمانان بۆ تێڕوانینی سویدیەکان بۆ ئازادی ڕادەربڕین دەگێڕدرێتەوە، لەکاتێکدا موسڵمانان پێیانوایە سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان ناچێتە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕینەوە.

سوتاندنی کتێب و هێما ئاینییەکان لە وڵاتی سوید چەندین ساڵە جێگەی مشتومڕی توندە، بەڵام بیروڕای زاڵ لە سوید مەسەلەکە بۆ دەربڕینی ئازادی تاکەکەسی دەگێڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە سویدییەکان داوای قەدەغەکردنی دەکەن، چونکە پێیانوایە ئەمە دەچێتە خانەی سوکایەتی کردن و دەبێتە هۆی ڕوودانی توندوتیژی.

ساموس پاڵودان، سیاسەتەمەداری ڕاستڕەوەی دانیمارکی، بە ڕێکخستنی چەندین بۆنەی سوتاندنی قورئان تۆمەتبار دەکرێت، ئەو بە سیاسەتمەدارێکی توندی ڕاستڕەو و دژە کۆچبەر ناسراوە.

لە ساڵی 2020، حکومەتی سوید بۆ ماوەی دوو ساڵ گەشتکردنی بۆ وڵاتەکەی لە ساموس قەدەغە کرد، بەڵام دواتر ڕەگەزنامەی سویدی وەرگرت بەهۆی ئەوەی باوکی سویدییە.

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2023، ساموس پاڵودان لەبەردەم باڵوێزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم بۆنەیەکی تری ڕێکخست و قورئانی سوتاند. لە بەرامبەردا خۆپیشاندەرانی تورکیا لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی سوید لە ئەنقەرە ئاڵای سویدیان سوتاند، بەرپرسانی تورکیاش هەڕەشەی ئەوەیانکرد ڕێگر دەبن لە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ.

لە مانگی ئاداری هەمان ساڵدا، ساموس پاڵودان هەوڵیدا لە شاری وەیکفیڵدی بەریتانیا بۆنەیەکی تری قورئان سوتاندن ڕێکبخات، بەڵام حکومەتی بەریتانیا ڕێگەی پێنەدا و گەشتی بۆ وڵاتەکەی لێ قەدەغەکرد.

دوای سوتاندنی قورئان لەلایەن هاوڵاتییە عێراقییەکەوە، ڕۆژنامەی "دەیگن"ـی سویدی بڵاویکردەوە: پۆلیسی ئەو وڵاتە لەمەودوا ئەو کردارە قەدەغە دەکات بەهۆی مەترسی کاردانەوەی توندوتیژی.

لە چەند هەفتەی دوای ڕووداوەکە پۆلیسی ئەو وڵاتە دوو داواکاری بۆ سوتاندنی قورئان ڕەتکردەوە.

ئەوکات ئۆلا ئۆستەرلینگ، وتەبێژی پۆلیسی ستۆکهۆڵم، ڕایگەیاند: ئێمە چیتر ڕێگە بە سوتاندنی قورئان نادەین.

ئەمە کۆتایی بە هەوڵەکانی قورئان سوتێنەران نەهێنا و شەڕەکەیان برد بۆ دادگا.


دادگا بڕیاردەدات

سەلوان مۆمیکا، ئەو پەنابەرە عێراقیەی ئەوکات کۆپییەکی قورئانی سوتاند و دواتر کوژرا، وتی: سێ مانگ شەڕی یاسایی کردووە، تا دادگا سکاڵاکەی پەسەند کردووە.

دواتر دادگای تێهەڵچوونەوەی سوید، بڕیاریدا کە پۆلیس هەڵە بووە لە قەدەغەکردنەکە چونکە "ئەو مەترسییە ئاسایشییانەی کە پۆلیس ئاماژەیان پێکردووە پەیوەندییەکی ڕوونیان نییە لەگەڵ ئەو بۆنە پلان بۆ داڕێژراوە". 

هێلینا بۆسترۆم تۆماس، وتەبێژێکی پۆلیسی ستۆکۆڵم، لەبارەی هۆکاری بڕیارەکەی دادگا بە سی ئێن ئێنی وت: بابەتی ئازادی ڕادەربڕین قورسایی زیاتری هەیە لە نیگەرانیەکانی تر.

دەسەڵاتدارانی سوید نایشارنەوە کە ئەم ڕووداوانە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش کێشەیان بۆ دروست دەکات، بەڵام بەهۆی ڕەهەندی یاسایی بابەتەکە ناتوانن ڕێگری بکەن.

تۆبیاس بۆڵسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید، ڕایگەیاند: حکومەتەکەی لەگەڵ سوتاندنی نوسینە ئاینیەکان نییە، بەڵام لە هەمانکاتدا لە ڕوانگەی یاسایی سویدەوە ئەمە پەیوەندیدارە بە ئازادی بیروڕا.

تۆبیاس بۆڵسترۆم وتی: حکومەتی سوید زۆر ڕوونە لەسەر ئەوەی کە هەموومان مافی ئازادی ڕادەربڕینمان هەیە لە سوید، بەڵام زۆر بە ڕوونی ئەوەشمان ڕاگەیاندووە کە ئێمە لایەنگری ئەو کەسانە نین کە ئەم کارەیان ئەنجامداوە.


دەسەڵاتی کڵێسا

پێشتریش چەند بەرپرسێکی ئەو وڵاتە، لە نێوانیان وەزیری پێشووی دەرەوە جان ئیلیسۆن، داوایانکردووە کە سوتاندنی کتێبە ئاینیەکان قەدەغە بکرێت و بە "وروژاندنی نەتەوەیی" دابندرێت.

چاودێران دەڵێن پرسی بەستنەوەی ئەم کردارە بە ئازادی ڕادەربڕین پەیوەندیدارە بە مێژووی مامەڵەی دەسەڵاتی کلێسا لە سوید.

لە سەدەی شانزەوە، بزوتنەوەی ڕیفۆرمی کڵێسای پرۆتیستانتی لە سوید دەستی پێکرد و دوای ئەوە لوسەریەکان بوون بە دەسەڵاتدار لەو وڵاتە. کڵێسا دوای ئەوە سانسۆرێکی توندی خستە سەر ئازادی ڕادەربڕین و چەندین کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن و دژە دەسەڵاتی لوسەریەکان لە ژێر پاساوی ڕێگری لە "کوفر" سزادران.

سوید لە ساڵی 1949 یاسای بەرەنگاری "کوفر"ـی هەڵوەشاندەوە وەک هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بە زەبروزەنگی کڵێسا و ساڵی 1951 قەدەغەکانی لەسەر هەڵگەڕانەوە لە ئاینی کریستیانی هەڵوەشاندەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو