شەڕ لەسەر میراتی نەوەی نوێ؛ پارتی و یەکێتی بەنیازی پەرتکردنی جوڵانەوەکەن
٢١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٢:٢٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
یەکێتی و پارتی بەجیا دەنگۆی ڕاکێشانی "یان ئەوەی پێی دەوترێت کڕینی" پەرلەمانتارانی نەوەی نوێیان لەپەرلەمانی کوردستان هەڵداوەتە نێو شەقام، بەڵام بەرپرسانی نەوەی نوێ بەتوندی دەنگۆکان ڕەتدەکەنەوە و پێیانوایە ئەمە بەشێکە لە شەڕی دەروونی کە لەدژیان دەکرێت.
هەرچەندە شاسوار عەبدولواحیدـی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە زینداندایە، بەڵام هێشتا هەیکەلی جوڵانەوەکە و ڕاگەیاندنەکەی بەردەوامن لە ڕاییکردنی ئیشوکارەکانیان، لەکاتێکدا پارتی و یەکێتی بانگەشەی پەرتکردنی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەیان دەکەن.
پارتی بەنیازە و هەوڵیشدەدات بەبێ یەکێتی نیسابی یاسایی تەواو بکات و کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان ڕێکبخات، چاوەکان زیاتر لەسەر فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەی نەوەی نوێن، بەوەی ئایا بەیەکگرتوویی دەمێننەوە یاخود ماڵجیایی ڕادەگەیەنن.
سەرچاوەیەکی باڵای نەوەی نوێ کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: فراکسیۆنی نەوەی نوێ یەکگرتوون و هیچ درزێک دروست نەبووە، بانگەشەکانی یەکێتی و پارتی شەڕی دەروونین و گوێی پێنادەین.
یەکێتی بانگەشەی ئەوە دەکات پارتی چەند پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ و بەرەی گەل و هەڵوێستی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، پارتیش پێیوایە هەندێک پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەیەکێتی نزیک بوونەتەوە، نەوەی نوێش هەردوو بانگەشەکە ڕەتدەکاتەوە.
سەرچاوەکەی نەوەی نوێ دەڵێت: پارتی پێشوەخت لەکەناڵە سێبەرەکانیەوە هەندێک پڕوپاگەندەی فڕێدا و یەکێتی بەدوایدا دەستیپێکرد، بەڵام پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ پابەندن بە بڕیاری جوڵانەوەکەوە.
لەنێوان بانگەشەی یەکێتی و پارتی و ڕەتکردنەوەی لەلایەن نەوەی نوێوە، لە ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان و بەردەوامبوونی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی، ڕاستیی پڕوپاگەندەکان ڕوون دەبنەوە.