پەیوەندیی هەیە بە چارەنووسی ٣٦ کورسییەوە؛ لێشاوی تانەکان ئەنجامی هەڵبژاردن دەخاتە ژێر پرسیارەوە
٢٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٦:٠٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و کردنەوەی دەرگای تۆمارکردنی تانە، لێشاوێک لە تانە تۆمارکرا کە پەیوەندیی هەیە بە یەکلاییکردنەوەی ٣٦ کورسییەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، ڕێژەی پێشکەشکردنی تانەکان (طعون) لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی دراماتیکی بەرزبووەتەوە. لە ڕۆژی سێشەممەدا کۆمیسیۆن تەنها ٣٦ تانەی بەدەست گەیشتبوو، ڕۆژی چوارشەممە ژمارەکە بۆ ٨٠ تانە بەرزبووەوە. بەڵام شۆکە گەورەکە لە ڕۆژی پێنجشەممەدا ڕوویدا، کاتێک سەرەتا ژمارەکە گەیشتە ٤٠٠ و تەنها دوای شەش کاتژمێر بازدانی گەورەی بەخۆوە بینی و گەیشتە ٨٠٠ تانە.
ئەم داتایانە دەریدەخەن کە لە کۆی ٧٢ کاتژمێری دیاریکراو بۆ تانەدان، نیوەی تانەکان تەنها لە ١٢ کاتژمێری کۆتاییدا تۆمارکراون.
کۆی گشتی تانەکانیش گەیشتوونەتە ٨٧٢ تانە، کە دەکاتە نزیکەی ١١٪ـی کۆی ئەنجامەکان. ئەگەر ئەم ڕێژەیە وەربگێڕین بۆ کورسی، ئەوا باس لە چارەنووسی ٣٦ کورسی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت، خۆ ئەگەر تانەکان بە بەڵگەوە بسەلمێنرێن، ئەوان نەخشەی تێکڕا ئەنجومەنەکە دەگۆڕن.