پارتی یان کۆمیسیۆن؛ کامیان "شەڕی کۆتاکان" دەبەنەوە؟
٢٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٦:٠٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ئاشکرابوونی ئەوەی لە پارێزگاکانی دیکەوە دەنگ ئاراستەکراوە بۆ بردنەوەی کورسی کۆتاکان، ئێستا کۆمیسیۆن لەبەردەم بڕیارێکی سەختدایە بۆ قبوڵکردنی دەرەنجامەکە یان هەڵوەشاندنەوەی.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، زۆریی دەنگی کاندیدی کۆتاکان بوو بە مایەی سەرنج.
زانیارییەکان باس لە "ئاراستەکردنی هەزاران دەنگ" دەکەن لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر لە ڕێگەی دەنگدانی تایبەتەوە بۆ کاندیدی کۆتاکان.
ئەم سیناریۆیە گومانەکان بەتایبەتی لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان چڕدەکاتەوە، بەتایبەتی کە باس لەوە دەکرێت ئەو حزبە هەستاوە بە ئاڕاستەکردنی زیاتر لە ١٠ هەزار دەنگی پێشمەرگە لە هەولێرەوە بۆ بەرژەوەندی کاندیدێکی کۆتای کوردی فەیلی لە پارێزگای واست. ئەمە لە کاتێکدایە ئەو کاندیدە لە پارێزگاکەی خۆی توانای کۆکردنەوەی دەنگی پێویستی نییە بۆ دەرچوون، بەڵام بە دەنگی "هاوردەکراوی" دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستانەوە کورسییەکەی بۆ مسۆگەر بووە.
هاوکات هەمان کار لەگەڵ کۆتای مەسیحییەکانیشدا کراوە و بە پشتیوانی لایەنە ڕکابەرەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، کاندیدەکان دەنگێکی زۆریان کۆکردبووەوە کە زیاتر بوو لەوەی پێکهاتەکانیان پێیانی بدەن.
ئەم پرسە یەکێکە لەو بابەتانەی کە لەلای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تانەی لێدراوە و سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە. ئەمەش کۆمیسیۆنەکە دەخاتە بەردەم بڕیارێکی سەخت، چ بۆ هێشتنەوەی دەرەنجامەکان وەکو خۆی، یان هەڵوەشاندنەوەی.
پێشتریش پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای ئاگاداربوون لەم تانە و ناڕەزایەتییانە، هۆشداریی بە هەموو لایەنەکان دابوو کە دەستکارییکردنی کورسییەکان قەبووڵ ناکات.