ئایا ئەعرەجی ماراسۆنى پۆستى سەرۆک وەزیران بۆخۆی یه‌كلایی ده‌كاته‌وه؟
٢٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٨:١٠ پاش نیوەڕۆ
په‌نجه‌ره
لە کاتێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامە لە تاوتوێكردنى ده‌ستنیشانكردنى کەسایەتییەک بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی نوێی عێراق، ناوی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئێستای ئاسایشی نیشتمانی، وەک یەکێک لە کاندیدە سەرەکییەکان دێتە ئاراوە. ئەم پیاوە كه زۆرینه‌ى ژیان و ئه‌زمونى له‌نێو بوارى ئه‌منییدا بووه، بووەتە یەکێک لەو ناوانه‌ى چاوی زۆر لایەنی سیاسیی لەسەرە بۆ سەرۆکایەتی کابینەی نوێ. ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر ژیان، ئەزموونی سیاسی و بۆچوونەکانی.
سه‌ركێشی گه‌نجێك لە کووتەوە بۆ ناوەندى بڕیار
قاسم محەمەد ئەعرەجی، له ساڵی ١٩٦٤ له شاری كووت لەدایکبووه. دوای تەواوکردنی خوێندن، لە سەردەمی شەڕی کەنداو، ڕووی لە ئێران کردووه و په‌یوه‌ندیی ده‌كات به "فەیلەقی بەدر"ـه‌وه. لەوێ جگه له‌وه‌ى ده‌بێته چه‌كدار، شانبه‌شانى ئه‌وه‌ش ده‌خوێنێت و به‌کالۆریۆس لە ژمێریاریدا بەدەستدێنێت.
دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس، ئەعرەجی گەڕایەوە نیشتمان و به‌دیارییكراویی پارێزگاكه‌ى خۆی. سه‌ره‌تا بوو به ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای واست، دواتر بووە سەرۆکی لیژنەی ئاسایشى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكه. ساڵی ٢٠١٠ بە دەنگێکی زۆر بووە نوێنەری واست لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری. چەند ساڵێکیش وەزیری ناوخۆ بووە، ئێستاش وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، دەرگای زۆربەی نهێنی و زانیارییە ئەمنییەکانی عێراقی لەبەردەمە.
نەخشەڕێگای سیاسیی ئەعرەجی: بێلایەنی و دیپلۆماسیەت
لە ڕوانگەی قاسم ئەعرەجییەوە، عێراق دەبێت وەک کەشتییەک بێلایەن بێت لە گێژاوەکانی ململانێ هەرێمییەکاندا. ئەو پێیوایە عێراق پێویستە وەک "پردێکی ئاشتی" کار بکات بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان، نەک وەک گۆڕەپانێک بۆ شەڕەکان.
سەبارەت بە ئێران، دژی ئەوەیە خاکی عێراق وەک سەکۆیەک بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکەی بەکار بهێنرێت، هاوكات پشتگیری لە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی ئەتۆمی ئێران دەکات. لەگەڵ ئەمریکا داوای بەردەوامبوونی هاوکاریی ئەمنی و هەواڵگری دەکات و ستایشی ڕۆڵی واشنتۆن دەکات لە ڕێگری‌کردن لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق. پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیەش بە نموونەیەکی باش بۆ دراوسێیەتی وەسف دەکات.
له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا جەخت لەسەر سەروەریی عێراق و ڕەتکردنەوەی هەر بوونێکی سەربازیی بیانی نایاسایی دەکاتەوە، لەوانەش هێزەکانی په‌كه‌كه و تورکیا. ئەعرەجی باس له‌وه‌شده‌كات كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت. هەروەها جەخت لەسەر هاوکاری لەگەڵ سوریا دەکاتەوە لە جەنگی دژی تیرۆردا.
ئه‌عره‌جی به‌گشتى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێران و ئه‌مه‌ریكاش باشه. جگه له‌وه‌ى خۆی و ڕه‌وته‌كه‌ى "به‌در" ئێرانى مه‌شره‌بن، به‌ڵام هاوكات له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاشه‌وه قبوڵكراوه، مانگى ئه‌یلولی ئه‌مساڵ، هاوڕێیه‌تى له‌تیف ڕه‌شید- سه‌رۆك كۆمارى عێراقی كرد بۆ كۆبوونه‌وه‌ى گشتى ئه‌نجومه‌نى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له نیویۆرك.
له‌گه‌ڵ كوردیشدا، په‌یوه‌ندیی ئه‌عره‌جی به‌گشتى باش و "دۆستانه"یه. ئه‌و جیاواز له زۆرینه‌ى سه‌ركرده‌كانى شیعه‌ی نزیك له ئێران، له‌گه‌ڵ پارتى دیمو‌كراتى كوردستان په‌یوه‌ندیی گه‌رموگوڕه و زووزوو سه‌ردانى هه‌ولێر ده‌كات و ته‌نانه‌ت له‌یه‌كێك له‌و سه‌ردانانه‌شدا مه‌زراى مه‌لا مسته‌فای بارزانی به‌سه‌ركرده‌وه.
پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌ك له مانگى ئابی ئه‌مساڵ به په‌نجه‌ره‌ى وت: "قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆیە زوو زوو سەردانی هەولێر دەکات، چونکە لەلایەن پارتییەوە بەڵێنی پێدراوە پشتگیری بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق."
ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیشی هه‌بێت به یه‌كێتییه‌وه، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌شدا باشه، ته‌نانه‌ت له‌دواى ڕووداوه‌كانى لاله‌زار په‌یوه‌ندی به بافڵ تاڵه‌بانى كردووه و وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك به په‌نجه‌ره‌ى وت: "ڕێنمایی دۆستانه‌ى" كردووه.
سەرۆک وەزیرانی داهاتوو؟
لە کاتێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی ڕای خه‌مڵیوی نییه له‌باره‌ى كاندیدێك بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران، ناوی قاسم ئەعرەجی وەک دیارترین كه‌سایه‌تى دەرکەوتووە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە چوارچێوەکە مەیلی بۆ کەسایەتییەکی نوێ هەیە کە پێشتر سەرۆک وەزیر نەبووبێت، ئەمەش دەرگایەکی فراوان بۆ ئەعرەجی دەکاتەوە. بەڵام کێ لە پشتی ئەم پیاوەوە وەستاوە؟
محەمەد مەهدی بەیاتی، سەرکردەیەکی دیاری ڕێکخراوی بەدر، بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە ئەعرەجی کاندیدی بەدرە بۆ ئەم پۆستە. به‌ڵام به‌وپێیه‌ى به‌در به ته‌نیا ئه‌و توانایه‌ى نییه كاندیده‌كه‌ى بسه‌پێنێ، بۆیه پێویستیی به ڕه‌زامه‌ندیی لایه‌نه‌كانى دیكه‌ش هه‌یه.
پرسیار ئه‌وه‌یه: ئایا ئەم پیاوە دەتوانێت متمانەی هەموو لایەنەکان بەدەستبهێنێت و بەرەو سەرۆکایەتی حکومەت هه‌نگاو هه‌ڵهێنێت؟