ئایا دەنگەکەی بارزانی بەفیڕۆ دەڕوات؟
٢٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٢:٢٨ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەو کاندیدەی مەسعود بارزانی دەنگی پێدا، مەترسی ئەوەی لەسەرە یان دەنگەکانی هەژمار نەکرێت، یاخود دووربخرێتەوە و کورسییەکەی لێوەربگیرێتەوە.
بەپێی هەواڵێک کە لەسەر زاری شاخەوان عەبدوڵڵا- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، مەسعود بارزانی- سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەڵبژاردنی 11ـی ئەم مانگەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگی بە کاندیدی کۆتای فەیلییەکان (حەیدەر فەیلی) داوە.
دوای ڕاگەیاندنی دەرەنجامی بەرایی و کۆتایی هەڵبژاردنەکە، دەرکەوت حەیدەر فەیلی توانیویەتی کورسی کۆتای فەیلییەکان لە واست بباتەوە، بە بەدەستهێنانی (17188) دەنگ.
لە هەڵبژاردنەکەدا، لەنێو کورسییە کۆتاکاندا، کورسییەک بۆ کۆتای کوردانی فەیلی لە پارێزگای واست دانراوە، بەڵام جگە لەو پارێزگایە، لە پارێزگاکانی تریش دەنگی پێدراوە.
بەمهۆیەشەوە تانە لە دەنگەکانی کاندیدە براوەکەی کورسیی فەیلییەکان دراوە و داوای وەرگرتنەوەی کورسییەکەی لێدەکرێت.
بەپێی میدیا عێراقییەکان، حەیدەر فەیلی، تەنها نزیکەی 600 دەنگی لە پارێزگاکە بەدەستهێناوە، ئەوەکانی دیکەی لە پارێزگاکانی تر و بەدیارییکراویی لە پارێزگای هەولێرەوە بۆ ڕۆشتووە و باسیش لەوە دەکرێت کە پارتی دیموکراتی کوردستان هێزە سەربازییەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی دەنگ بەو کاندیدە بدەن.
بەوتەی سەرچاوەکان، جگە لەو تانەیە، هاوکات تانەیەکی تر لە حەیدەر فەیلی دراوە بەوەی "پێشینەی بەعسێتیی" هەیە و یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەریی دەیگرێتەوە.
بەمپێیەش لە ئەگەری سەرگرتنی هەر کام لەم تانە و سکاڵایە، کاندیدە براوەکە بێبەش دەبێت لە کورسییەکەی.