"وەزیری کار بۆمبێکی گەورە دەتەقێنێتەوە"؛ ٢ ترلیۆن و نیو دیناری سندوقی چاودێریی کۆمەڵایەتی عێراق نەماوە
٢٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٦:٣٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق پەردەی لەسەر دۆسیەیەکی مەترسیدار هەڵدایەوە و ئاشکرای کرد کە تەواوی پارەی سندوقی چاودێریی کۆمەڵایەتی کە بڕەکەی ٢.٥ ترلیۆن دینارە، دیار نەماوە.
ئەحمەد ئەسەدی، لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان، ڕایگەیاند: ئەو پارەیەی لە سندوقی چاودێریی کۆمەڵایەتیدا بووە، سەرچاوەکەی لە وەبەرهێنان و پشکی سندوقەکە لە قازانجی کۆمپانیاکانەوە کۆکراوەتەوە و گەیشتووەتە ٢.٥ ترلیۆن دینار.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەت پلانی هەبووە ئەو پارەیە بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی لەڕێگەی قازانجەکەیەوە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دابینبکات، لەبری ئەوەی پشت بە خەزێنەی گشتیی دەوڵەت ببەستێت.
وەزیری کار وتیشی: "نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر کاتێک چووینە سەر سندوقەکە، تووشی شۆک بووین کە سەرجەم پارەکە ڕاکێشراوە بێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بین."
سەبارەت بە چارەنووسی پارەکە، ئەسەدی ڕوونیکردەوە: "پارەکە لەنێوان وەزارەتی دارایی و بانکی ڕافیدەین ون بووە، گومان دەکەین بۆ کڕینی سەنەدات ڕاکێشرابێت، بۆیە ئێمە سکاڵامان تۆمار کردووە".
ئەم ڕووداوە گومان دەخاتە سەر شێوازی ئیدارەدانی پارە لە سندوقەکانی دەوڵەتدا، بەتایبەتی کە پێشتر ٣.٧ ترلیۆن دیناری تری سندقی ئەماناتی باج لە عێراق دزرا لە دۆسییەکدا کە بە "دزیی سەدە" ناودەبرێت.