پارتی و لایەنە شیعەکان؛ لە نەیارەوە بۆ یار

٢٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٦:٤١ پاش نیوەڕۆ

پارتی و لایەنە شیعەکان؛ لە نەیارەوە بۆ یار

پەنجەرە

پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران هەوڵ دەدەن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە، لەکاتێکدا لەڕابردوودا پەیوەندی نێوانیان پڕبوو لەکێشمەکێش و یەکتری تەخوین کردن.

لایەنە شیعەکان دەیانەوێت پارتی بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و بواری پێنەدەن هاوشێوەی ڕابردوو یاری لە دژیان بکات، پارتیش دەیەوێت لەگەڵ لایەنە شیعەکاندا پێکبێت و پێگەی خۆی لەبەغدا بەهێز بکات.

لەهەڵبژاردنی ساڵی 2021ـدا، پارتی لەگەڵ عەرەبی سونە و ڕەوتی سەدر چووە نێو هاوپەیمانێتییەوە، هەوڵیدا بەبێ لایەنە شیعەکان حکومەتی عێراق پێکبهێنێت، بەڵام هاوپەیمانێتییەکە شکستی هێنا.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، پارتی نایەوێت هەڵەی ڕابردوو دووبارە بکاتەوە و بچێتە بەرەی دژ بە لایەنە شیعەکان، ئەو لایەنانەش پارتییان بەلاوە گرنگە و نایانەوێت بیخەنە دەرەوەی هاوکێشەکان.

چاودێران پێیانوایە، ئەگەر سودانی جوڵەی دژی لایەنە شیعەکان بکردایە پارتی ئامادە نەبوو لێی نزیک بێتەوە، بەوپێیەی لە ڕابردوودا باجی نزیک بوونەوەی لە ڕەوتی سەدر داوە.

لە ئێستادا پەیوەندی نێوان نوری مالکی و پارتی لەهەموو کات بەهێزترە، لەکاتێکدا مالکی بە هەڵسوڕێنەری کاروباری لایەنە شیعەکان و دیاریکردنی ئاراستەی سیاسی ئەو لایەنانە دادەنرێت.

لایەنە شیعەکانی عێراق بەراورد بە پێکهاتەکانی تر بەهێزتر و یەکڕیز ترن، بەوپێیەی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن جوڵەی سیاسییان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێکرد و بەیار و نەیارەوە لەدەوری مێزێک کۆبوونەوە.

لەکاتێکدا کێشەی نێوان یەکێتی و پارتی کوردی پەرتکردووە، ئەگەر کێشەکان بەردەوام بن کورد بە پەرتەوازەیی دەچێتە بەغدا و کارتەکانی لاواز دەبێت.

کاوە مەحمود، سکرتێری پێشووی حزبی شیوعی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: کورد خاوەنی بەرنامەیەکی سیاسی نییە بۆ چوونە بەغدا و تا ئێستا لایەنەکان کۆبوونەوەیان ئەنجام نەداوە.

دەشڵێت: ئەگەر دۆخەکە وا بڕوات خواستی کورد لە پۆست دا کورت دەبێتەوە.

عەرەبی سونەش هاوشێوەی کورد پەرتەوازەیە و گیرۆدەی دەست ململانێی نێوان حەلبوسی، خەمیس خەنجەر و موسەنا سامەرائییە، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرکردە ناکۆکەکانی سونە کۆبوونەوە.

موسەنا سامەرائی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم هەمیشە لەگەڵ لایەنە شیعەکان دا بووە، لەکاتێکدا حەلبوسی لەنێوان بەرە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان دا بازبازێن دەکات و ئەمجارە خۆی لەلایەنە شیعەکان نزیک کردووەتەوە.

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە، بە ئێستاشەوە لەبەرەی تورکیا و نەیارەکانی ئێران دایە، ئەو هاوشێوەی پارتی زیانی گەورەی کرد لە دژایەتی لایەنە شیعەکان بەڵام تا ئێستا هەڵوێستی سیاسی جێگیرە و نەیاری ئەو لایەنانەیە.

جموجۆڵی سیاسی لایەنە شیعەکان و کۆبوونەوەی سەرکردە ناکۆکەکانی سونە لەکاتێکدایە، تا ئێستا لایەنە کوردییەکان نەک کۆبوونەوەیان ئەنجام نەداوە بۆ چۆنیەتی دانوستان بەڵکو ناکۆکی قوڵی نێوانیان بەردەوامە.

ناکۆکی نێو کورد و سونە دەرفەت بۆ لایەنە شیعەکان دەڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر فشاری ئەو دوو پێکهاتەوە و گفتوگۆی سیاسی لەگەڵیان ئاسان بێت بەهۆی پەرتەوازەیی نێوانیانەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو