هاوپەیمانی دۆزی ئێزدیی پارتی و یەکێتی نیگەران دەکات
٢٤ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١٠:٣٩ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هاوپەیمانی دۆزی ئێزدیی کە لەلایەن کۆمەڵێک چالاکوانی شەنگالەوە پێکهێنرا و کورسییەکی پەرلەمانی عێراقیان مسۆگەر کرد، نیگەرانی لای پارتی بە تایبەتی و یەکێتیش دروستکردووە.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، کۆبوونەوەی ژمارەیەک چالاکوان بۆ پێکهێنانی قەوارەیەکی سیاسی و بەدەستهێنانی کورسییەکی پەرلەمانی، مۆدێلێکی ناوازەیە لە عێراقدا.
هاوپەیمانی دۆزی ئێزدی هەرچەندە کورسییەکی بەدەستهێنا، بەڵام لە بەدەستهێنانی کورسی دووەمیشیان نزیکبوو، کورسییەکەش لەلایەن موراد ئیسماعیل- چالاکوانی شەنگالەوە بەدەستهێنرا کە پێشتر لە ئەمەریکا بووە.
ئاراستەی سیاسەتی هاوپەیمانی ئێزدیی زیاتر نیشتمانی عێراقییە، بەڵام هاوپەیمانێتییەکە لەلایەن ئەمەریکا و ئەو وڵاتانەوە کە دۆسیەی ئێزدییان بە جینۆساید ناساند، لەڕووی ڕاهێنان و چۆنیەتی گوتاری سیاسی و میدیاییەوە هاوکاری کراون.
توڕەبوونی پارتی و نیگەرانی یەکێتی لە هاوپەیمانێتییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پێشتر ئەو لایەنانە چاویان لە دەنگی ئێزدییەکانی شەنگال بوو، بەڵام هاتنە مەیدانی هاوپەیمانێتییەکە زیانی بە پێگەی ئەوان گەیاند.