ئەندامە کوردەکانی ئەنجومەنی نوێنەران؛ کەمتوانا یان پەراوێزخراو؟

٢٤ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١٢:١٨ پاش نیوەڕۆ

ئەندامە کوردەکانی ئەنجومەنی نوێنەران؛ کەمتوانا یان پەراوێزخراو؟

 

پەنجەرە

دوای تێپەڕبوونی 20 ساڵ له‌ دامەزراندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چاودێران دەڵێن خول لە دوای خول کواڵێتی پەرلەمانتارانی کورد لەبەغدا لاواز دەبێت و حزبەکانیان ڕۆڵیان پێنادەن.

لەساڵی 2005 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهێنرا، ئەندامانی باڵای حزبە کوردییەکان لەخولەکانی سەرەتادا ئەندام بوون لە ئەنجومەنەکەدا و دەسەڵاتی گفتووگۆ و دانوستانیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دا هەبوو.

لەئێستادا زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کادیرانی ئاسایی حزبە کوردییەکانن بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، دەسەڵاتی گفتوگۆ و دانوستانیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکاندا نییە و ئەو ئەرکە بەو شاندانە سپێردراوە کە لەهەرێمەوە دەچنە بەغدا.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئەندامانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جگە لەوەی لەڕووی زمانەوە لاوازن و توانای داڕشتنەوەی یاسا و کێشمەکێشی نێو پەرلەمانیان نییە، هاوکات تێگەیشتنیان بۆ سروشتی کۆمەڵگای عێراقیش لاوازە.

ژمارەیەکی زۆر گروپ و هێزی سیاسی جیاواز بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، دووری ئەو هێزانە لەڕووی ئەجێندا و ئاراستەی کارکردنەوە لەیەکتری چۆنیەتی ململانێی سیاسی لە عێراقدا ئاڵۆز کردووە.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئەندامانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران هێندە ئەزمووندار و قاڵبووی نێو دونیای سیاسی نین، بتوانن لە مەلەوانگە ئاڵۆزەکەی عێراق دا مەلەوانی بکەن.

رەجەب عاسی، چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی پێیوایە، لاوازی توانای پەرلەمانتارە کوردەکان لەبەغدا تێڕوانینی نەرێنی لای دەنگدەری کورد دروستکردووە.

بەشێکی زۆر لە ئەندامانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پسپۆڕییان نییە لە بوارە جیاجیاکاندا و ناتوانن وەکو پێویست لە لیژنە پەرلەمانیەکاندا بە ڕۆڵی خۆیان هەستن.

رەجەب عاسی، بە پەنجەرەی وت: لاوازی توانای پەرلەمانتاری کورد وایکردووە ڕۆیشتنی پەرلەمانتار بۆ بەغدا لەلای دەنگدەر لە پارەدا کورت بکرێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی لاوازبوونی متمانەی خەڵک بە پەرلەمانتاران.

ئەندامانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر وابەستەن بە بڕیاری حزبەکانیانەوە، لەلایەن حزبەوە ڕێنماییان پێدەدرێت لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە جیاوازەکان دا.

لاوازی پەرلەمانتارانی کورد لەکاتێکدایە، لایەنە عەرەبییەکان کادیرە بەتواناکانیان ڕەوانەی پەرلەمان دەکەن و بەشێک لە سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بوون.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو