عێراق لە دۆخی ناچاریدا؛ پشت لە ئەمەریکا و ڕوو لە چین
٢٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٣:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هەرچەندە پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەمەریکا، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەپێناو کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان تاڕادەیەک کۆمپانیا چینییەکانی پشتگوێخست، بەڵام شارەزایانی بواری ئابووری دەڵێن عێراق ناچارە ڕوو لە چین بکات.
بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی عێراق هەژار و کەمدەرامەتن و کاڵا چینییەکان لەڕووی نرخەوە هەرزانن، ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی عێراق ناچارە دەرگای بەڕووی چین دا واڵا بێت.
ئۆتۆمبێلی چینی و ئامێرە ئەلیکترۆنییە چینییەکان بازاڕی عێراقییان داگیر کردووە، نرخەکانیان بەراورد بە کاڵا و شمەکی هاوردەکراوی وڵاتانی تر هەرزانترە، بۆیە عێراق ناتوانێت دەستبەرداریان ببێت.
چین یەکێکە کڕیارە هەمیشەییەکانی نەوتی عێراق و ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە عێراق دەکڕێت، بەم پێیە بەشێکی زۆر لە داهاتی عێراق پشت بەو نەوتە دەبەستێت کە بە چینی دەفرۆشێت.
بەڕای شارەزایانی ئابووری، عێراق کەوتووەتە نێو دۆخێکی قورسی داراییەوە و تەنها چین دەتوانێت قەرزی پێبدات، بەوپێیەی کڕیاری نەوتەکەیەتی.
شارەزایانی بواری ئابووری دەڵێن: عێراق ناچارە ڕوو لە چین بکات و بەردەوامی بەمامەڵەی بازرگانی بدات لەگەڵی، بەوپێیەی تەنها ئەو وڵاتە دەتوانێت هاوکاری بێت لەو دۆخەی تێیکەوتووە.
بازاڕی عێراقی و ئەمەریکی تاڕادەیەک دابڕاون لە یەکتری و کاڵا ئەمەریکاییەکان نرخیان گرانە بەراورد بەچین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەی دۆلاری عێراقی ئەمەریکایە.
هەروەها ئەمەریکا لەڕووی هەواڵگیریی و سەربازییەوە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق دا هەیە، لەکاتێکدا دۆخی ئێستای عێراق زیاتر بوارە ئابوورییەکەی پێویستە.