ڕێکارێکی حکومەت نهێنیی پشت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە
٢٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٣:٤١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای ئەوەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بازاڕەکانی دراو لە عێراق بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاریان بەخۆیانەوە بینی، پسپۆڕێکی ئابووری هۆکارە "شاراوەکان"ـی پشت ئەم بەرزبوونەوەیە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: پەیوەندیی بە بڕیارێکی نوێی حکومەتەوە هەیە نەک گۆڕینی نرخی فەرمی.
هۆکاری شڵەژانی بازاڕ چییە؟
مەنار عوبەیدیی، توێژەری ئابووریی، لە شیکردنەوەیەکدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک، دەڵێت: دابەزینی بەهای دینار هاوکات بوو لەگەڵ ئامادەنەبوونی زۆربەی بازرگانانی دراو بۆ فرۆشتنی دۆلار، ئەمەش جۆرێک لە شڵەژانی دروستکرد.
ئاماژەی بەوەشدا بەرزبوونەوەی دۆلار پەیوەستە بە میکانیزمێکی نوێی گومرگی کە بڕیارە لە ١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ (پاش ٦ رۆژی تر) جێبەجێ بکرێت.
سیستەمە نوێیەکە چییە و بۆچی بازرگانانی ترساندووە؟
بەگوێرەی وتەکانی ئەو شرۆڤەکارە، هەنگاوە نوێیەکە بریتییە لە "هەژمارکردنی پێشوەختەی گومرگ".
بەپێی ئەم بڕیارە:
* هیچ بانکێک ڕێگەی پێ نادرێت حەواڵەی دەرەکی ئەنجام بدات تاوەکو پێشوەختە ڕسووماتی گومرگی کاڵاکانی نەکردبێت.
* ئەم هەنگاوە کۆتایی بە "حەواڵەی وەهمی" و سپیکردنەوەی پارە دەهێنێت.
* ڕێگری لە هاوردەکردنی هەڕەمەکی دەکات کە لە یەدەگی دراوی بیانی وڵات دەخوات.
عوبەیدیی پێیوایە ئەم بڕیارە گورزێکی کوشندەیە بۆ قاچاخچێتی و دەڵێت: "ئەمە گەورەترین لێدانە لە پرۆسەی قاچاخچێتی گومرگی لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا و داهاتی گومرگ بۆ ٦ تا ٨ ترلیۆن دینار بەرز دەکاتەوە."
پێشبینی مانگێکی "پڕ لە گێژاو" دەکرێت
توێژەرە ئابوورییەکە هۆشداریدا لەوەی کە جێبەجێکردنی ئەم "چاکسازییە" ڕووبەڕووی بەرەنگاربوونەوەیەکی توند دەبێتەوە لەلایەن: بازرگانانی دراو کە هەوڵی بەرزکردنەوەی دۆلار دەدەن، لەگەڵ بازرگانە بچووکەکان کە مامەڵەی بانکییان ڕێکخراو نییە، هاوکات ئەو لایەنانەی ساڵانێکە لە پشێوی گومرگی و حەواڵەدا قازانج دەکەن.
بۆیە پێشبینی مانگێکی پڕ لە لێدوانی دژبەیەک و گوشاری میدیایی و گێژاو و هەوڵدان بۆ شڵەژانی بازاڕ دەکات.
بانکی ناوەندی: هیچ گۆڕانکارییەک ناکرێت
لەلایەکی دیکەوە و وەک وەڵامێک بۆ دۆخەکە، بانکی ناوەندیی عێراق بەپەلە بەیاننامەیەکی دەرکرد و دڵنیایی دایە هاوڵاتیان.
بانکەکە جەختی کردەوە کە "بە هیچ شێوەیەک نیازی دەستکاریکردنی نرخی فەرمی دۆلاریان نییە."
ئەم ڕوونکردنەوەی بانکەکە پاش ئەوەهات کە باس لەوەکرا گوایە بەنیازە دەستکاریی نرخی فەرمی فرۆشتنی دۆلار بکات کە ئێستا (١٣٢٠٠٠) دینارە بۆ (١٠٠ دۆلار).
بانکی ناوەندی هۆشداریشی دا کە ئەو دەنگۆیانەی بڵاودەکرێنەوە تەنها بۆ "تێکدانی بازاڕ و قازانجی بازرگانانی دراوە."
هاوکات مەنار عوبەیدیش، جەختیکردەوە لە ناڕاستی ئەو دەنگۆیانەی لەئارادان بۆ گۆڕینی نرخی فەرمی دۆلار و وتی: "هیچ نیازێکی لەو جۆرە نییە."