پارتى و یه‌كێتى: جدیین له په‌یامه‌كانیان یان گوشار ده‌كه‌ن؟
٢٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٣:٥١ پاش نیوەڕۆ
په‌نجه‌ره
له‌دواى ڕاگه‌یاندنى ده‌ره‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراقه‌وه، فشاری پارتى له‌سه‌ر یه‌كێتى زیاد بووه، جارێك به باسكردنى كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان به‌بێ ئه‌و، جارێكى تر به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مان. پرسیار ئه‌وه‌یه: ئه‌م په‌یامانه كارتى فشارن یان ویستی جیدیی؟
په‌یامى دووربه‌دوور
پارتى و یه‌كێتى ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌یكه‌ن، گۆڕینه‌وه‌ى په‌یامى دووربه‌دووره. پارتى هه‌موو ڕۆژێك به لێدوانێكى نوێوه په‌یامێك ئاراسته‌ى یه‌كێتى ده‌كات.
دیارترین په‌یامه‌كانى پارتى، خۆی له چه‌ند بژارده و خاڵێكدا ده‌بینێته‌وه:
1. كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان پێكه‌وه و به‌و شێوه‌یه‌ى پارتى ده‌یه‌وێت له دابه‌شكردنى پۆسته‌كاندا.
2. كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان به‌بێ یه‌كێتى و به ڕێككه‌وتنى پارتى له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانى دیكه.
3. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مان له ئه‌گه‌رى سه‌رنه‌گرتنى هیچكام له بژارده‌كان و دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن.
په‌یامه‌كان تاچه‌ند جیدیین؟
به‌وپێیه‌ى په‌یامه‌كان له‌دواى ته‌واوبوونى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه‌وه دێن، بۆیه گومانى ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت زۆرتر فشار بن وه‌ك له هه‌نگاوی جیدیی.
پارتى و یه‌كێتى له ئاستى عێراقدا له دوو سه‌نگه‌رى جیادان، پارتى نزیكى مالیكی و دژ به ئه‌و لایه‌نه شیعی و سونییانه‌یه كه نزیكن له ئێرانه‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتى لایه‌نگرى سودانییه و نزیكه له‌و لایه‌نه شیعییانه‌ى نزیكن له ئێرانه‌وه.
به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌كى سیاسی ئاگادار، ئه‌وه‌ى ده‌گوزه‌رێت له‌نێوان پارتى و یه‌كێتى، هه‌م په‌یوه‌سته به دۆخی ناوخۆیی هه‌رێم و هه‌میش به‌غداده‌وه.
به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه، پرسه‌كه په‌یوه‌سته به فشاری پارتى كه ده‌یه‌وێت یه‌كێتى له‌سه‌ر ئاستى عێراق هه‌نگاوێك نه‌نێت به دژی ئه‌و و زیانگه‌یاندن به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى بكه‌وێته‌وه.
له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رچاوه‌یه‌ك له په‌رله‌مانى كوردستان، باس له‌وه‌ده‌كات پارتى جیدییه له هه‌نگاوه‌كانى.
به‌وته‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وتن نه‌كرێت، پارتى ئاماده‌كاریی ده‌كات بۆ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان و له‌و ڕووه‌وه جیدییه.
نه‌بوونى گفتوگۆی ڕووبه‌ڕوو
هه‌تا ئێستا په‌یام و ڕوئیای هه‌ریه‌كه له‌و لایه‌نانه، زیاتر له‌ڕێگه‌ى كه‌ناڵه میدیاییه‌كانه‌وه نمایش ده‌كرێن، ئه‌وه‌ى بوونى نییه كۆبوونه‌وه‌ى ڕووبه‌ڕوویه.
به‌پێی سه‌رچاوه‌كان له پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه له‌نێوان هه‌ردوولادا بوونى نییه.
بۆیه چاوه‌ڕێ ده‌كرێت په‌یامه میدیاییه‌كانى نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه به‌رده‌وام بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ى واده‌یه‌ك بۆ كۆتاییهاتنیان و گرتنه‌به‌رى هه‌نگاوی جیدیی بزانرێت.