هێرشەکەی شەوی ڕابردوو "دڵ"ـی کێڵگەی کۆرمۆری پێکاوە
٢٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٣:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هێرشەکە موشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بۆ سەر کۆگاکانی عەمبار کردنی غازی شل "ئێڵ پی جی" بووە کە کۆگایەک بە تەواوەتی سوتاوە و زیان بە کۆگایەکی تریش گەیشتووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: ئەو شوێنەی بە موشەک هێرشیکراوەتە سەر، شوێنی عەمبارکردنی غازی شل و کۆندێنسەیت بووە، بۆیە کۆگایەکی غازی شل "ئێڵ پی جی" سوتاوە و زیان بە کۆگایەکی کۆندێنسەیتیش گەیشتووە.
دەشڵێت: زیان بەر تۆڕی بۆری ناو کەمپەکەش گەیشتووە کە کۆگاکان پێکەوە گرێدەدات.
هەرچەندە کۆمپانیای دانەگاز هەبوونی زیانی گیانی لە ئەنجامی هێرشەکە ڕەتدەکاتەوە، بەڵام بەپێی هەندێک زانیاری نافەرمی لەڕووداوەکەدا بریندار هەبووە و هێشتا ئەمە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
موشەکبارانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە چوار هەزار مێگاواتەوە بۆ هەزار مێگاوات، بەوهۆیەوە پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان کەمکرایەوە.