سەرۆکی بەرەی تورکمانی بە هەوڵدان بۆ نانەوەی “ئاژاوە” تۆمەتبار دەکرێت
٢٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٣:٢٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
محەمەد سەمعان سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەلایەن کوردەوە تۆمەتبار دەکرێت بە هەوڵدان بۆ نانەوەی “ئاژاوە” لە شاری کەرکوک، دوای ئەوەی وێنەکانی خۆی لە شەقامەکانی کەرکوک لابرد و ئاڵای عێراقی لە جێگەیان دانا.
لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، وێنەی محەمەد سەمعان لە شەقامەکانی کەرکوک هەڵواسرا و دواتر چەند وێنەیەکی سوتێنران، ئەمەش ناکۆکی لە نێوان لایەنگرانی حزبە کوردییەکان و بەرەی تورکمانی لێکەوتەوە و بەوهۆیەوە دوو پۆلیس کوژران.
دوای هەڵبژاردن، سەرۆکی بەرەی تورکمانی بڕیاریدا وێنەکانی لاببرێت و ئاڵای عێراق لە جێگەکانیان دابنرێت، پاشان لە ڕێگەی سۆشیال میدیای نزیک لە بەرەوە گەنجانی کورد “ئیستیفزاز” کران بەوەی “ناوێرن ئاڵای عێراق بسوتێنن”.
دوای "ئیستفزاز" کردنی گەنجانی کورد لەلایەن سۆشیال میدیای سەر بە بەرەی تورکمانییەوە، لەلایەن دوو گەنجەوە ئەو ئاڵایانەی عێراق سوتێنراون کە لە شوێنی وێنەکانی محەمەد سەمعان دانران، ئەمەش مشتومڕی زیاتری لێکەوتەوە.
بەرپرسانی کورد پێیانوایە، سەرۆکی بەرەی تورکمانی بۆ نانەوەی ئاژاوە و "ئیستیفزاز" کردنی کورد وێنەکانی خۆی لابردووە و وێنەی ئاڵای عێراقی خستووەتە جێگەیان، دواتر لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە مەسەلەکەی وروژاندووە.