ئەمەریکا پشت لە بەغدا و ڕوو لە هەرێمی کوردستان
٢٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٣:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسی و نزیک لە ناوەندە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کردنەوەی کونسوڵخانەی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر زیان و سودەکەی لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی حکومەتی هەرێم دەوەستێتەوە.
سەرچاوەکە دیپلۆماسییەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: کونسوڵخانەی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر دەکرێت سودی گەورەی هەبێت و هەرێم بۆ خۆ پارێزی سودی لێ ببینێت. دەشکرێت کونسوڵخانەکە ببێتە بار بەسەر هەرێمەوە و هێندەی تر هەولێر بکاتە ئامانجی ئێران و گروپە شیعەکان.
دەشڵێت: کونسوڵخانەکە درێژکراوەی بنکەکانی ئەمەریکایە لە ناوچەکە، درێژکراوەی بنکەی ئەمەریکایە لەدەریای سور و لەوێوە بۆ ئەردەن، لەوێشەوە بۆ تەنەف و پاشان بۆ ڕۆژئاڤا و پاشان بەرە و هەولێر. ئەمەریکا پێویستی بە تۆڕێک بنکەی گرێدراو بە یەکترییەوە هەیە لەناوچەکە.
جەختیکردەوە: کردنەوەی کونسوڵخانە نوێیەکەی ئەمەریکا لەهەولێر لە کاتێکدایە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ناچالاکە و تاڕادەیەک پشتگوێ خراوە.