هێرشەکەی سەر کۆرمۆر جوڵەی خستە نێو ناوەندە دیپلۆماسییەکانەوە

٢٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٣:٣٢ پاش نیوەڕۆ

هێرشەکەی سەر کۆرمۆر جوڵەی خستە نێو ناوەندە دیپلۆماسییەکانەوە

پەنجەرە

ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر جوڵەی لەنێو کونسوڵخانە و ناوەندە دیپلۆماسییەکاندا لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە، بەتایبەت ئەوان هێرشەکەیان بە گەورە وێنا کردووە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەنجەرە، ناوەندە دیپلۆماسییەکان گفتووگۆ لەسەر جێگیرکردنی سیستەمی دژە درۆن و موشەک لە کێڵگە گازییەکە دەکەن و پاساو بۆ جێگیرکردنی دراوە بەدەستەوە، لەکاتێکدا پێشتر عێراق بەمە ڕازی نەبووە.

زانیارییەکانی پەنجەرە ئاماژە بەوەش دەکەن، ناوەندە دیپلۆماسییەکان پێیانوایە هێرشە گەورەکە لەکاتێکدا ئەنجامدراوە هەژموونی ئێران لاواز بووە، بۆیە ئەمەیان وەکو سەرەتایەک بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ نێو گۆڕەپانەکە بە بەهێزی لێکداوەتەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە ناوەندە دیپلۆماسییەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: هێرشەکەی سەر کۆرمۆر ڕەهەندی ئابووری هەیە و بۆ ڕێگریکردنە لە فراوانکردنی کێڵگەکە.

دەشڵێت: ڕەهەندە سیاسییەکەی ئەوەیە دەیانەوێت پارتی ببەنە سەر مێزی گفتووگۆ بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق و پەیامی ئەوەی پێبگەیەنن ئەوان هێشتا بەهێزن.

هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانەوە ئیدانە کرا و داوای دۆزینەوەی ئەنجامدەرانیان کرد، ئەمەش وایکرد حکومەتی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو