سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی: ئەوەی سیاسییەکان ناتوانن بیڵێن لەڕێگەی میدیاوە بانگەشەی بۆ دەکەن
٢٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٩:٠٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرۆکی رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک) دەڵێت، جۆرێک لە ئاڵۆزی و تێکەڵاوی لەنێوان ئەرک و بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەنوس، سیاسی، دەزگای میدیایی و ڕێکخراوی سیاسیدا دروستبووە و وەرگر بە ئاسانی لەیەکتریان جیا ناکاتەوە.
د. شوان ئادەم ئەیڤەس، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: رۆژنامەنوس وەکو سیاسی قسە دەکات، سیاسی وەکو رۆژنامەنوس لێدوان دەدات، ئەمانە پێویستیان بە رێکخستنەوەیە، چونکە جۆرێک لە تێکەڵاوی لەنێوان ئەرک و بەرپرسیارێتییەکاندا دروستبووە.
دەشڵێت: زۆربەی میدیا سەر بە پارتە سیاسییەکانن و ئەوەی سەرکردە و پارتەکان ناتوانن بیڵێن، ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی میدیاوە بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەمانە پێویستیان بە چاودێریکردن و سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی ڕۆڵ و بەرپرسیارێتییە.
جەختیکردەوە: دۆخی میدیا لە ئاستێکی زۆر خراپدایە و دژ و پێچەوانەی ڕێسا پیشەیی و یاسا بەرکارەکان کار دەکەن.