حەشدی تورکمانی؛ لە پاراستنی "تورکمان ئیلی"یەوە بۆ تۆمەتی هێرشکردنە سەر کۆرمۆر

٢٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٢:١٣ پاش نیوەڕۆ

حەشدی تورکمانی؛ لە پاراستنی "تورکمان ئیلی"یەوە بۆ تۆمەتی هێرشکردنە سەر کۆرمۆر

پەنجەرە

لە دوای دروستبوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک بەرپەرچدانەوەی درووستبوونی د1عـ…ـش، یەکێک لە پێکهاتەکانی ئەو هێزە، حەشدی تورکمانی بوو. 

بەڵام ئەم هێزە ئەرکەکەی هەر لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا نەمایەوە، بەڵکو بە ئەنجامدانی زۆر دەستدرێژیی تۆمەتبار دەکرێنت، لەنێویدا هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.


حەشدی تورکمانی چییە و پێکهاتەکەی چۆنە؟

حەشدی تورکمانی، هێزێکی چەکداری  تورکمانی شیعەمەزهەبە کە لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبیدا کار دەکات. ئەم هێزە لە چوار لیوای سەرەکی پێکهاتووە و فەرماندەییەکانیان بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا دابەش بوون:

١. لیوای ١٦: بە فەرماندەیی (نەبیل عیسا)، ئەرکی پاراستنی ناوچەکانی بەشیر، داقوق و تازە خورماتووی لە ئەستۆدایە.

٢. لیوای ٥٢: بە فەرماندەیی (جاسم ئامرلی)، بارەگاکانیان لە ئامرلی و خورماتوو و بەشێک لە پارێزگای سەڵاحەدینە.

٣. لیوای ٦٣: بارەگاکانیان لە خورماتووە و پێشتر هەوڵی فراوانکردنی دراوە.

٤. لیوایەکی دیکە لە سنووری خورماتوو بە فەرماندەیی (ڕەزا کەوسەر) چالاکن.

جوگرافیای دەسەڵات

ئەم هێزانە کۆنترۆڵی ناوچەیەک دەکەن کە خۆیان بە "تورکمان ئیلی" یان خاکی تورکمان ناوی دەبەن. ئەم جوگرافیایە وەک پشتێنەیەکی ئەمنی و ئیتنی لە باکوورەوە بۆ باشوور درێژ دەبێتەوە و شار و شارۆچکەکانی (تازە خورماتوو، داقوق، دووزخورماتوو، سلێمان بەگ و ئامرلی) دەگرێتەوە. 

ئەم ناوچەیە بەهۆی هەڵکەوتەکەیەوە لە نێوان کەرکوک و بەغدا، بایەخێکی ستراتیژیی زۆری هەیە.


تۆمەتەکان؛ لە پەلاماردانی کۆرمۆرەوە بۆ تێکدانی سەقامگیریی

ئەم هێزە تۆمەتی ئەنجامدانی زۆر کردەی هێرش و ئاژاوەگێڕیی دەدرێتە پاڵ، یەکێک لەوانەش هێرشە بۆسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەنجەرە، هێرشە مووشەکییەکەی پێرێی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، لەو دیوی قەزای دووزخورماتووەوە ئەنجامدراون لەنێوان گوندەکانی شاسەیوان و یەنگیجە، ئەمەش ئەو شوێنەیە کە حەشدی تورکمانیی لێیە.

ئەوەشی وایکردووە گومان لەوە بکرێت هێرشەکە ئەو هێزەی حەشد ئەنجامی دابێت، ئەوەیە پێشینەی سەلماوی هەمان کاریان هەیە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، هێرشێکی تر کە لە نیسانی ٢٠٢٤ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (شاهد-١٠١) کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بووە هۆی کوژرانی چوار بەڵێندەری بیانی، سەرچاوەکەی هەر لەو ناوچانەوە بووە کە لەژێر کۆنترۆڵی حەشدی تورکمانییدا بووە. 

جگە لەوەش، ئەم هێزانە بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە ڕێگرییان لە جێگیربوونی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردووە لە داقوق. هەروەها هەندێکجار بە جوڵەی سەربەخۆ لە دەرەوەی بڕیارە ناوەندییەکان تۆمەتبار دەکرێن، کە ئەمەش مەترسی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دروستکردووە.


ئایندەی ئەم هێزە؛ هەڵوەشاندنەوە یان بەردەوامبوون

حەشدی تورکمانی کە سەرەتا وەک هێزێکی بەرگری دژی د1ـعـ..،.ـش دامەزرا، ئێستا بووتە هێزێک کە مەترسیی بۆ ناوچەکە درووستدەکات، بەتایبەتی کە هێرشەکەی ئەمجارەی سەر کۆرمۆر، لێکەوتەی سیاسی و دیپلۆماسیی زۆری هەبووە. 

ئەمەش پرسیاری ئەوە دەهێنێتە ئاراوە: ئایا بەهۆی ئەم جوڵانەیەوە کۆتایی بە ڕۆڵ و کاریگەرییەکەی حەشدی تورکمانیی دەهێنرێت، یاخود پشتیوانەکانی دەستبەرداری نابن و بەردەوامیی دەدات بە کردەوەکانی؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو