سەرووی ٦ هەزار بەندکراو لە هەرێم هەن
٢٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٢:١٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرووی ٦ هەزار بەندکراو لە چاکسازییەکانی هەرێمدا هەن کە (٦١٠) بەندکراویان ئافرەت و مناڵن.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم دەرباری چاکسازییەکان کە تایبەت دەست پەنجەرە کەوتووە، هەتا رێکەوتی ٩ـی ئەم مانگە، تێکڕا (٦٠٠٨) بەندکراو لە چاکسازییەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆکدا هەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، زۆرترین زیندانیی لە بەڕێوبەرایەتی چاکسازی هەولێر دایە کە (٢٥٨١) کەسن، بەدوای ئەویشدا بەڕێوبەرایەتی چاکسازی سلێمانی دێت کە (١٨٦٤) زیندانییە، دوای ئەوانیش بەڕێوبەرایەتی چاکسازی پارێزگای دهۆک دێت کە (١٥٦٣) زیندانیی تێدایە.
ڕاپۆرتەکە هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە لە کۆی بەندکراوان، (٦١٠) کەسیان ئافرەت و مناڵن، لەبەرامبەر (٥٣٩٨) بەندکراوی گەوران "سەرووی ١٨ ساڵ" لە ڕەگەزی نێر.