بارانبارینی ئەم ماوەیە کاریگەریی لەسەر بەنداوەکانی هەرێم نەبووە
٢٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٢:١٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات ئەو بڕە بارانەی لەم ماوەیەی ڕابردوودا باریوە، کاریگەری لەسەر زیادبونی ئاو لە بەنداوە گەورەکان نەبوە، تەنها کاریگەری لەسەر هەندێک بەنداوی بچووک هەبووە.
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: بارانی سەرەتای وەرزی بارانبارین زۆر کاریگەریی لەسەر زیادبونی داهاتی ئاو لە بەنداوە گەورەکان نابێت، بەڵکو رەنگە سودی بەشێوەیەکی کەم و سنووردار بۆ بەنداوە بچوک و پۆندەکان هەبێت.
هۆکاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی زەوی تینووە و پێشتر بەساڵێکی وشکدا تێپەڕیووین، بۆیە زۆرتر زەوی باراناوەکە هەڵدەمژێت، ئەمە جگە لەوەی وڵاتانی دراوسێش ئاو خەزن دەکەن و بەرینادەنەوە.
دەشڵێت: باران و لافاوی زۆر کاریگەریی لەسەر بەنداوە گەورەکان دروست دەکات، زۆرجار لە مانگەکانی شوبات تا نیسان داهاتی ئاو زیاد دەکات.
جەختیکردەوە: لەسەرەتای وەرز 6 بۆ 8 سانتیمەتر ئاو لە بەنداوە گەورەکان زیادیکرد، بەڵام دیسان ئاو کەمبوویەوە، ئێستا ڕۆژانە دوو سانتیمەتر ئاو دادەبەزێت.