بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپا؛ شوێنی تەراتێنی میلیشیا و گروپە لەیاسا دەرچووەکان

٢٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٢:١٩ پاش نیوەڕۆ

بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپا؛ شوێنی تەراتێنی میلیشیا و گروپە لەیاسا دەرچووەکان

پەنجەرە

لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆشاییەک هەیە کە لەلایەن هێزە تیرۆرستی و لەیاسادەرچووەکان بەکاردەهێنرێن بۆ ئەنجامدانی هێرش و کردەوەی تیرۆریستی، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت: بۆشاییەکە زۆر زۆرە و پێویستی بە هێزی زیاترە.


بەدرێژایی سنوری ئێستای باشووری هەرێمی کوردستان بە ناوچە دابڕاوەکانەوە، هێزی پێشمەرگە بەرامبەر بە سوپای عێراقی ئامادەییان هەیە، بەڵام لەنێوانیاندا بۆشاییەک هەیە کە زۆرجار لەلایەن گروپ و هێزە تیرۆرستی و لە یاسادەرچووەکانەوە دەقۆزرێنەوە.

لیوا مەردان چاوشین، فەرماندەی میحوەری 'قەرەتەپە- حەمرین'ـی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: یەک لیوا هێزی هاوبەش پێکهێنراوە بۆ  پاراستنی بۆشایی ئەمنی لە خانەقینەوە تا کەرکوک، بۆشاییەکە زۆرە و بەو لیوایە پڕ ناکرێتەوە.

بۆشایی ئەمنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە دابڕاوەکان "کێشە لەسەرەکان"، جگە لەوەی بون بە ناوچەیەک بۆ چالاکی داعش و گروپە توندڕەوەکان، هاوکات لەو ناوچانەوە میلیشیا شیعەکان هەندێکجار کردەوە دژی ناوچە هەستیارەکانی هەرێم ئەنجام دەدەن، لەنمونەی هێرشەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆر.

حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوون لەسەر پێکهێنانی چەند لیوایەکی هاوبەش لە پێشمەرگە و سوپا بۆ کۆنترۆڵکردنی بۆشایی ئەمنی نێوانیان، بەڵام ناوچەکان فراوانن و ژمارەی لیواکان زۆر کەمن.

فەرماندەیەکی سەربازیی لە لیوا هاوبەشە پێکهێنراوەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: پێکهاتەی لیوا هاوبەشەکان تێکەڵەن لە پێشمەرگە و سەربازی عێراقی و لە هەندێک ناوچە خاڵی سەربازییان داناوە، بەڵام ناوچەکان فراوانن.

هێزەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ناوبە ناو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەو ناوچانە ئەنجام دەدەن کە بە بۆشایی ئەمنی ناسراون و هیچ هێزێکی عێراقی و کوردییان تێدا جێگیرنەکراوە، بەڵام دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەکان هەردوولا دەکشێنەوە.

لیوا مەردان چاوشین دەڵێت: لەدیوی پشتەوەی هێزەکانی عێراق بە دووری 25 کیلۆمەتر، هیچ هێزێکی تر بوونی نییە، چونکە ناوچەکان فراوانن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو